ئاندرێ ڕودێنکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕۆژی دووشەممە هۆشداری دا لەوەی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئەگەریی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ناوخۆی ئێران، دەبێتە هۆی تێکچوونی مەترسیداری بارودۆخەکە و پەرەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لەوپەڕی ئاستیدایە.
پاراستنی وێستگەی بوشەهر
ڕودێنکۆ لە بەیاننامەیەکدا هیوای خواست واشنتن “ژیرانە” مامەڵە بکات و خۆی بەدوور بگرێت لە بەئامانجکردنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بەردەوامن لە ئاراستەکردنی هۆشداری و هەڕەشە بۆ یەکتری.
گرنگیی هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەرووی هورمز
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەسەر پێویستی ڕاگرتنی پەرەسەندنەکانی دەوروبەری ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کەمکردنەوەی گرژییەکان هاوکار دەبێت بۆ ئاساییبوونەوەی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا.
هاوکات مۆسکۆ دژایەتی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک کە ئامانج لێی داخستنی گەرووی هورمز بێت دەربڕی و ڕایگەیاند کە ناوچەکە پێویستی بە “تێڕوانینێکی گشتگیر” هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا.
ئۆپەراسیۆنی زەمینی؛ ناواقیعی بەڵام مەترسیدار
لەکۆتاییدا ڕودێنکۆ ڕایگەیاند کە ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئەمریکا لە ناوخۆی ئێران لە ئێستادا بە “ناواقیعی” دەبینێت، بەڵام دووبارەی کردەوە کە تەنیا هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی لەو شێوەیە، ناوچەکە بەرەو ململانێیەکی زۆر سەختتر دەبات.
هەواڵی پێشوو

