zagros news agency

بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ڕای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی

 

ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:

 

بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ناڕەوا و ترسنۆکانەیە دەکەین کە ئەمشەو هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوونی ژن و مێردێکی سڤیل لەناو ماڵ و حاڵی خۆیاندا و بێبەشکردنی دوو منداڵی بێتاوان لە ئامێزی گەرمی دایک و باوکیان. ئەم تاوانە قێزەونە، کە هیچ پاساوێکی ئەخلاقی و مرۆیی هەڵناگرێت، پێشێلکردنێکی ڕاشکاوی هەموو بەها مرۆییەکان و بنەما نێودەوڵەتییەکانە و گوزارشت لە سروشتی تاوانکاریی ئەو دەستانە دەکات کە مەبەستیانە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێکبدەن.

ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە بێدەنگیی سیاسی ونەبوونی ڕێکاری کردەیی حکومەتی فیدراڵ، نەک هەر نیشانەی بێدەسەڵاتییە، بەڵکو بووەتە ژینگەیەکی لەبار و هاندانێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەوانەی لە پشت ئەم کردەوە تیرۆریستییانەن تا بێ باکانە درێژە بەو تاوانانە بدەن و خوێنی هاووڵاتیانی بێتاوان بڕێژن.

لێرەوە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین بەرپرسیارێتییە دەستووری و یاساییەکانی خۆی لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکات و هەنگاوی کردەیی و پێویست بگرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییانە، چونکە چیتر ڕەوا نییە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کراوەی ململانێیەکان.

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین چیتر لە ئاست ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستێکی کردەیی بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بنوێنن؛ چونکە تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتیی عێڕاق و ناوچەکە. هاوکات دووپاتی دەکەینەوە ئیرادەی گەلی کوردستانیش بۆ ژیان و مانەوە، بە هیچ پەلامارێکی تیرۆریستی نانەوێت.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدە مەزڵوومەکان دادەنەوێنین و هاوسۆزی قووڵی خۆمان بۆ ئەو دوو منداڵە و کەسوکاری شەهیدان ڕادەگەیەنین.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٧ی نیسانی ٢٠٢٦

 

هەواڵی پەیوەندیدار

سبەی مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت

یاسین

حەوت کوژراو و ١١ بریندار لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لە ئەمریکا

سەڵاح

تاران: ئەمریکا دەیەوێت دۆخی عێراق پێش هەڵبژاردن تێکبدات

یاسین