لەنێوان سووربوونی مالیکی و گوشارە دەستوورییەکاندا
چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەردەم تاقیکردنەوەی یەکلاکردنەوەی 9 بەربژێری سەرۆک وەزیراندایە
لە کاتێکدا وادە دەستوورییەکان بەرەو کۆتایی دەچن و گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان چڕتر دەبنەوە، ماڵی شیعە کەوتووەتە ناو قەیرانێکی قووڵی ململانێی سیاسییەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانی بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق خستووەتە گەڕ، بەڵام بوونی نۆ بەربژێری جیاواز، پرۆسەکەی خستووەتە بەردەم ئاستەنگێکی گەورەوە.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ کۆببنەوە. عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم ئاشکرای کردووە کە لەم کۆبوونەوەیەدا ناوی نۆ بەربژێر دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ کە بریتین لە: (نوری مالیکی، محەمەد شیاع سوودانی، حەیدەر عەبادی، باسم بەدری، موحسین مەندەلاوی، حەمید شەتڕی، محەمەد ساحێب دەراجی، عەلی شوکری و قاسم ئەعرەجی). تا ئێستاش هیچ یەکێک لەم بەربژێرانە چانسی یەکلاکەرەوەی بەسەر ئەوانی دیكودا نییە و ململانێکان بەردەوامن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (سەباح)ـی عێراقی، لە ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دوو ئاراستەی سەرەکی و ئەگەری بەهێز بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە هەن، یەکەمیان پشتگیری لە نوێکردنەوەی ویلایەتی محەمەد شیاع سوودانی دەکات، دووەمیشیان بەدوای دۆزینەوەی بەربژێری سازانـدا دەگەڕێن.
عامر فایز، پەرلەمانتار و سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی داهاتوودا تاوتوێی ئەو بەربژێرانە دەكرێت كە چاویان بڕیوەتە ئەوەی ببن بە سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی نوێی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا جێگرەوەیەک بۆ یەکێک لە بەربژێرەكان بەسەر ئەوانی دیكەدا نییە و بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ماڵی عەممار حەکیمدا میکانیزمی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لەو کەسایەتییانە دیاری بکرێت.

