دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ڕاگرتووە، ئێران کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا توندتر کردوه، لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرت.
دۆخی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە، کە بڕیار بوو سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆتایی بێت، بە ناڕوونی ماوەتەوە. چەند کاتژمێرێک دوای هەڕەشەی دهستپێكردنهوهی شهڕ، ڕۆژی سێشەممە ترەمپ گۆڕانکارییەکی کتوپڕی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، ئەمریکا ئاگربەستەکە درێژ دەکاتەوە تا ئەو کاتەی گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی ئێران دەکەن.
بەڵام بەرپرسانی ئێران نەیانوتووە کە ڕەزامەندییان لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە داوە، و ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی ترەمپ گرت بۆ هێشتنەوەی گەمارۆی هێزی دەریایی ئەمریکا لەسەر بازرگانی دەریایی ئێران، کە ئێران خۆی بە کارێکی جەنگی دادەنێت.
قالیباف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: “کردنەوەی گەرووی هورمز، کە پێنج یەکی بازرگانی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەم پێشێلکارییە زەقەی ئاگربەست مەحاڵە.” هەروەها وتیشی: “ئێوە لە ڕێگەی دەستدرێژی سەربازییەوە نەگەیشتن بە ئامانجەکانتان، لە ڕێگەی زۆرەملێشەوە پێیان ناگەن. تەنها ڕێگە، ناسینی مافەکانی گەلی ئێرانە.”
ترەمپ جارێکی دیکە لە کۆتا ساتدا لە هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی مەدەنی تری ئێران پاشەکشەی کرد، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی دیکە هۆشدارییان دابوو کە ئەوە پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە. بەڵام پێشکەوتنێکی کەم لە کۆتاییهێنان بەو شەڕە بەدەستهاتووە کە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوبات دەستی پێکرد.
ئەمەش هەردوولا لە دۆخێکی چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە، لەکاتێکدا گەرووی هورمز هێشتا بە کردەیی داخراوە، ئەمەش پەستانی خستووەتە سەر ئابوورییەکانی جیهان. هەزاران کەس لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژراون، کە زۆربەیان لە ئێران و لوبنان بوون، لەو شوێنەی کە گرووپی حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران بەشداری شەڕی دژی ئیسرائیلی کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم”ی نیمچە فەرمی ئێران، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە و بۆ کەناراوەکانی ئێران هاوەڵیی کردوون. سوپای پاسداران هەردوو کەشتی “ئێپامینۆنداس” کە ئاڵای لیبەریای لەسەر بوو و “MSC Francesca” کە ئاڵای پانامای لەسەر بوو، تۆمەتبار کردووە بەوەی بەبێ مۆڵەتی پێویست کاریان کردووە و دەستکاری سیستەمی ڕێدۆزییان کردووە.
هیچ وادەیەکی نوێ بۆ ئاگربەست نییە
لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی سێشەممەدا، ترەمپ وتی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داوایەکی ناوبژیوانانی پاکستان بۆ “ڕاگرتنی هێرشەکانمان بۆ سەر وڵاتی ئێران تا ئەو کاتەی سەرکردە و نوێنەرەکانیان دەتوانن پێشنیازێکی یەکگرتوو پێشکەش بکەن… و گفتوگۆکان بە یەک لایەدا دەکەونەوە.”
کارۆلین لیڤیت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ترەمپ هیچ وادەیەکی کۆتایی بۆ پێشنیازەکە یان گفتوگۆکان دیاری نەکردووە. پاکستان کە وەک ناوبژیوان کاردەکات، هێشتا هەوڵدەدات هەردوولا کۆبکاتەوە دوای ئەوەی هەردووکیان ئامادە نەبوون لە گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباد کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە ئەنجام بدرێت.
ترەمپ داوا لە ئێران دەکات واز لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستکردنی چەکی ناوکی بکات. ئێران دەڵێت تەنها بەرنامەیەکی ناوکی مەدەنی ئاشتییانەی هەیە و داوای هەڵگرتنی سزاکان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ناساندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا دەکات.
هەروەها ئێران ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی کردووەتە مەرج بۆ گفتوگۆکانی ئاگربەست. ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لایەنی کەم پێنج کەس کوژران، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسی لوبنانی “ئەمەل خەلیل”. ئەمە خوێناویترین ڕۆژ بوو لەو کاتەوەی ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژە لە ١٦ی نیسان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان ڕاگەیەندرا.
رۆیتهرز

