ئهمڕۆ دووشهممه 4ی 5ی 2026، ئاراس جهبار، شارهزای كهشناسی ڕایگهیاند، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکوور لەسەر وڵاتانی ناوچەکە لە دوو رۆژی رابردووەوە شەپۆلێکی سەرما و بەفر بەشێکی زۆری بەرزایەکانی وڵاتی تورکیا و باشوری رۆژهەڵاتی ئەوروپای گرتەوە و دروستبوونی گەردەلوولی تۆڕنادۆی گەورە کە دوێنێ لە هەندێ ناوچەی باکووری کوردستان دروستبوو و زەرەر و زیانێکی زۆری لێ کەوتەوە.
گوتیشی، ئهوهش لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە هۆی ناجێگیری لە کەشوهەوا و دروستبوونی هەورەبرووسکە و چالاکبوونی بای باشووری رۆژئاوا، بەتایبەت لەسەر ناوچە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراقەوە کە لە ئەنجامدا شەپۆلێکی خۆڵبارینیش زۆربەی ناوچەکانی گرتەوە و کاریگەریەکانی بە گشتی تا شەو بەردەوامی دەبێت و لە بەرەبەیانی سبەی سێشەممەوە 5ی 5ی 2026، کاریگەریی خۆڵبارینەکە کەم دەبێتەوە و کۆتایی پێدێت.
ئهو كهشناسه ئهوهشی خسته ڕوو، سبەی بە گشتی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێت، تەنیا لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەر هەیە لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە چەند تاوێک باران ببارێ و لە ئێوارەدا بە تەواوی کۆتایی پێدێ و ههروهها پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ بە رێژەی 2 بۆ 3 پلە نزم دەبنەوە و کەش فێنکتر دەبێت.

