ئەستێرەی ئەمریکی کیم کارداشیان، تۆمەتبارانی دۆسییەی دزینی زێڕ و خشڵەکانی لە پاریس سەرسام کرد، دوای ئەوەی داوایەکی یاسایی پێشکەش بە دادگایەکی مەدەنی فەرەنسا کرد بۆ وەرگرتنی قەرەبوویەکی هێماین، کە تەنیا 1 یۆرۆیە.
ئەم کێشەیە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هێرشی کرایە سەر و بڕێکی زۆر لە خشڵەکانی دزرا.
پارێزەری کارداشیان ڕایگەیاند، کارداشیان توانیویەتی ئەو شۆکە دەروونییە تێپەڕێنێت کە بەهۆی دزییە چەکدارییەکەوە تووشی ببوو، تێیدا بڕی خشڵ بە بەهای زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار دزرا.
پارێزەرەکە جەختی کردەوە، داواکردنی ئەم قەرەبووە تەنیا لەبەر هۆکاری مرۆییە، بەتایبەت کە تەمەنی هەندێک لە تۆمەتبارەکان زۆرە.
کیم کارداشیان پەیامێکی ئاراستەی مێشکی داڕێژەری پرۆسەکە، عومەر ئایت خداش کرد و ڕایگەیاند، داوای لێبووردنە فەرمییەکەی قبووڵ دەکات و لێی خۆش دەبێت، هەرچەندە ئەو ڕووداوە کاریگەرییەکی دەروونی گەورەی لەسەر ژیانی دروست کردبوو.
ساڵی ڕابردوو دادگەی فەرەنسا بڕیاری سووکی بۆ تۆمەتبارەکان دەرکرد و ڕەچاوی باری تەندروستییان کرد.
فەرمانبەرێکی پێشوازی هۆتێلەکە داوای 550,000 یۆرۆ قەرەبوو دەکات بەهۆی زیانی دەروونی، هەروەها هۆتێلەکەش داوای قەرەبوو دەکات لەبەر تێکچوونی ناوبانگی.
تاوەکو ئێستا زۆربەی خشڵە دزراوەکان بە ونبوویی ماونەتەوە، لەوانەش ئەڵقەیەکی ئەڵماس کە کانیێ وێست پێشکەشی کیمی کردبوو و نرخەکەی بە 3 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێندرێت.

