ماڵپەڕی “ئەكسيۆس”ی ئەمریكی، ئەمرۆ یەكشەممە، 24-5-2026، وردەكاریی ڕەشنووسی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و ئێرانی بڵاوكردەوە، كە ئامانج لێی هێوركردنەوەی گرژییەكان و كردنەوەی دەرگای دانوستانە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و سزا ئابوورییەكان.
هەڵگرتنی سزاكان و چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، واشنتن ڕەزامەندی نیشانداوە لە ماوەی 60 ڕۆژدا دانوستان بكات بۆ هەڵگرتنی سزاكان و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران. لە بەرامبەردا، ئەو هێزانەی ئەمریكا كە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ناوچەكە جێگیر كراون، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و ناكشێنەوە تاوەكو گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی.
كۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان و پشتگیریی وڵاتانی عەرەبی
ڕەشنووسەكە خاڵێكی گرنگی تێدایە كە بریتییە لە كۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان. هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ڕاوێژی بە ژمارەیەك لە سەركردە عەرەب و موسڵمانەكان كردووە و ئەوانیش پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم ڕێككەوتنە دەربڕیوە.
سازشەکانی تاران و مەرجەكانی واشنتن
تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەكانەوە بەڵێنی زارەكی داوە سەبارەت بە كەمكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم. هەرچەندە ئێران داوای كردبوو دەستبەجێ سزاكان هەڵبگیرێن، بەڵام لایەنی ئەمریكی مەرجی ئەوەی داناوە كە دەبێت سەرەتا “تەنازولی بەرجەستە” ببینرێت پێش جێبەجێكردنی بڕیارەكان.
نەوت بەرامبەر بە ئاسایشی گەرووی هورمز
لە ڕەشنووسەكەدا هاتووە كە ئێران پابەند دەبێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەدات، لە بەرامبەردا ئەمریكا گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران لادەبات و ڕێگە دەدات تاران بە ئازادی نەوت بفرۆشێت، بەو مەرجەی گەرووی هورمز بە كراوەیی بۆ هاتوچۆی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت كە شەوی شەممە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ ئێران، كە تێیدا پرسی كردنەوەی گەرووی هورمز و كەمكردنەوەی گرژییەكان خاڵی سەرەكی بوون.

