zagros news agency

وەزارەتی بازرگانیی عێراق: وەرگرتنی گەنم لە 10 پارێزگا کۆتایی هات و لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە

 

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە 10 پارێزگای عێراق کۆتایی هاتووە و لە هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکە بەردەوامە.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە ڕایگەیاند، تا ئێستا بڕی 3 ملیۆن و 194 هەزار تۆن گەنم لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق وەرگیراوە، جگە لە هەرێمی کوردستان کە لە دوێنێوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم تێیدا دەستیپێکردووە و کارکردن بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران بەردەوامە.

گەرعاوی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە 9 پارێزگای باشوور و پارێزگای بەغدا کۆتایی هاتووە، بەوەش کۆی ئەو پارێزگایانەی پڕۆسەکەیان تێدا ڕاگیراوە گەیشتە 10 پارێزگا. لە بەرامبەردا، لە 8 پارێزگای دیکە وەک ئەنبار، دیالە و ناوچەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژئاوا، سایلۆکان بەردەوامن لە وەرگرتنی گەنم.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە گوتیشی: “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەرگرتن لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین ڕادەگیرێت، بەڵام پڕۆسەکە لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت.”

لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، کە بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو بڕە گەنمانەشی کە لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵین لە جووتیاران وەردەگیرێن و پڕۆسەی وەرگرتنی ئەو بڕانە بەپێی بڕیارەکە بەردەوامە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل بە فەرمی كوژرانی (یەحیا ئەلسینوار)ی ڕێبەری بزووتنەوەی حەماسی ڕاگەیاند

سەڵاح

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێگرى يه‌كه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆبووه‌وه‌

یاسین

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازیی له‌ باڵيۆزى توركيا دەکات

سەڵاح