بەپێی ڕاپۆرتێکی میدیایی و لێکۆڵینەوەیەک، ئاماری کەمیی هێزی کار لە ئەڵمانیا لە ١٠ ساڵی داهاتوودا ١.٣ ملیۆن کەس زیاتر دەبێت لەوەی پێشتر پێشبینی کرابوو. دۆخی دیمۆگرافیی ئەڵمانیاش خراپتر بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “ڕاینیشە پۆست”ی ئەڵمانی، کەمیی هێزی کار لە ١٠ ساڵی داهاتوودا لەو وڵاتە گەورەتر دەبێت لەوەی تا ئێستا بیری لێ دەکرایەوە. ئەو ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی ئابووریی ئەڵمانیا (IW) دەنووسێت، ئەڵمانیا تا ساڵی ٢٠٣٦ ئەگەری هەیە لەگەڵ کەمیی ٤.٣ ملیۆن هێزی کار ڕووبەڕوو بێتەوە، ئەو ژمارەیەش زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە پێشبینییەکانی پێشوو زیاترە.
ئەو پەیمانگەیە تەنیا دوو ساڵ پێش ئێستا مەودای نێوان چوونەدەرەوەی هێزی کار لە بازاڕ، بەتایبەت بەهۆی خانەنشینبوون و هاتنی هێزی کاری نوێی بە نزیکەی ٣ ملیۆن کەس خەمڵاندبوو. کەواتە ئەو بۆشاییە بەرانبەر پێشبینیی ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی ١.٣ ملیۆن کەس زیادی کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پێداچوونەوەیە ئەنجامی پێشبینییەکی نوێی دیمۆگرافییە، لەسەر بنەمای داتا نوێیەکانی فەرمانگەی فیدراڵیی ئاماری ئەڵمانیا ئەنجام دراوە. ئەو داتایانە نیشانی دەدەن، ئاسۆی دیمۆگرافیی ئەڵمانیا خراپتر بووە. لەسەر ئەو بنەمایە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تا ساڵی ٢٠٤٥ نزیکەی ٢.٩٪ کەم بکات و بگاتە نزیکەی ٨١.١ ملیۆن کەس. ئەمەش لە کاتێکدایە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا نزیکەی ٨٣ ملیۆن و نیو بووە. پەیمانگەی ئابووریی ئەڵمانیا پێشتر پێشبینی کردبوو، تا ساڵی ٢٠٤٠ ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا گەشەیەکی کەمی دەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، پەیمانگەی ناوبراو یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو گۆڕانکارییە بە “وەرچەرخانی سیاسەتەکانی کۆچبەریی حکوومەتی فیدراڵ” دەزانێت، بووەتە هۆی ئەوەی کۆچبەری نوێی زۆر کەمتر بێنە ئەڵمانیا. جگە لەوەش، ئارەزووی کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا بەهۆی لاوازیی بەردەوامی ئابووری و کێشە ڕوو لە زیادبووەکانی بازاڕی کاری ئەو وڵاتە کەمی کردووە.
بەپێی ئەو پێشبینییانە، چاوەڕوان دەکرێت توانای هێزی کاری چالاک لە ئەڵمانیا لە ٥٥ ملیۆن کەس لە ساڵی ڕابردووەوە، تا ساڵی ٢٠٣٦ بۆ ٥١.٢ ملیۆن کەس کەم بکات. ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٤٥دا دەگاتە ٥٠.٤ ملیۆن کەس.
وەک ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی، لە لێکۆڵینەوەی پەیمانگەی ئابووریی ئەڵمانیادا هاتووە، داڕێژەرانی سیاسەت دەبێت هەنگاوی زیاتر بۆ زیادکردنی توانای هێزی کار بنێن. لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە، دەبێت لەسەر ڕاکێشانی هێزی پسپۆڕی بیانی لە ئەڵمانیا “کاری زیاتر بکرێت”. لە ناوخۆشدا توانای بەکارنەهێنراو، بەتایبەت لە نێوان ژنانی بیانی و کۆچبەراندا هەیە، دەبێت بیر لە ڕێگەکانی بەکارهێنانیان بکرێتەوە. جگە لەوەش پێشنیاز کراوە، ڕێژەی کاتی کارکردن بۆ هەر کەسێک زیاد بکرێت.
بە گوتەی پەیمانگەی ئابووریی ئەڵمانیا: «لەو نێوەندەدا، ئەو پرسەی کارکردن تا چەند (لە ڕووی داراییەوە) دەهێنێت و بەسودە، گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە.» لە درێژەدا هاتووە: «تەنانەت زۆربەی کارمەندانی هەمیشەییش ئەگەر فشاری باج و بیمە کۆمەڵایەتییەکان کەم بێتەوە، دەتوانن بیر لە زیادکردنی کاتەکانی کارکردنیان بکەنەوە.»

