محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆکی لیژنەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، ئەو گەنمەی بەغدا لە جووتیارانی هەرێم وەریناگرێت، حکومەتی هەرێم بە تەواوی لێیان دەکڕێتەوە و هەناردەی دەرەوەی دەکات.
سەبارەت بە پرۆسەی هەناردەکردنەکە، دوو کۆمپانیای ناوخۆیی و 11 کۆمپانیای تر داواکارییان بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی گەنمەکە پێشکەش کردووە، کە زیاتر ڕەوانەی بازاڕەکانی تورکیا دەکرێت بەهۆی بوونی خواستێکی زۆر و نرخێکی باشتر لەوێ.
ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی جووتیاران بگاتە دوو ملیۆن تۆن، بەڵام بەغدا تەنیا 400 هەزار تۆنی لێ وەردەگرێت.
لە ئێستاشدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە 13 سایلۆ دەستی پێکردووە و بۆ یەکەمجاریشە سەرەی ڕادەستکردنی گەنم بە شێوازی دیجیتاڵی تۆمار دەکرێت.

