مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-6-2026، ڕایگەیاند، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بە توندی دژی هەر هەوڵێکن بۆ سەپاندنی باج یان ڕەسمی گومرگی لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. هاوکات جەختی کردەوە، بەبێ بنبڕکردنی چالاکییە چەکدارییەکانی بریکارەکانی ئێران، ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتە دی.
رۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی نوێی ئەمریکا هیچ بڕیارێک نادات کە ببێتە هۆی لاوازکردنی ئاسایش و سەقامگیری کەنداو. گوتیشی “ئێمە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین و دەمانەوێت بیانکەینە بەشێک لە پڕۆسەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. هیچ پاڵپشتییەک بۆ سەپاندنی باج لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکان نییە و دۆناڵد ترامپ دووپاتی کردووەتەوە، ڕێگە بە کارێکی لەو شێوەیە نادرێت، ئەمەش پەیامی ڕوونی ئێمەیە.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە دەستێوەردانەکانی ئێران گرت و ڕایگەیاند “گرووپە چەکدارەکان بە شێوەیەکی ئاشکرا دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتان دەکەن؛ کاتێک ئێران پشتگیری میلیشیاکان لە عێراق دەکات، ئەوە دەستوەردانە لە کاروباری عێراق، و کاتێک پشتگیری حەماس و حوسییەکان و حزبوڵڵا دەکات، سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات.” جەختیشی کردەوە کە ناتوانرێت ئاشتییەکی ڕاستەقینە بەدی بهێنرێت تا ئەو کاتەی لایەنی “نادەوڵەتی” هەبن کە لەلایەن ئێرانەوە پارەدار دەکرێن.
سەبارەت بە دانوستانەکان، رۆبیۆ ئاشکرای کرد کە پرسی کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بەشێکی سەرەکییە لە گفتوگۆکان. هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت یان نەگاتە ڕێککەوتن، ئەوا “سەرۆک ترامپ چەندین بژاردەی جۆراوجۆر و یەکلاکەرەوەی لەبەردەستە.” رۆبیۆ وتیشی: “ئێمە هیوای ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەخوازین، بەڵام بژاردەکانمان لەبەردەم میدیاکاندا باس ناکەین.”

