جەماوەری خۆڕاگر و سەربەرزی شاری کەرکووک
هاووڵاتیانی خۆشەویست..
وەک هەموولایەک ئاگادارن، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ڕۆژی 2ی تەموزی 2026، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی (باروتخانە) لە شاری کەرکووک، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەهۆی دروستبوونی کێشە و نیگەرانی لەسەر زەوی و زار و خانووەکانیان، ڕژانە سەرشەقام.
ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەوردی و بە خەمخۆرییەوە چاودێریی ئەم دۆخە دەکەین و بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی فەرمیی خۆمان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و مافی هاووڵاتیان رابگەیەنین.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە و لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا، خۆی بە داکۆکیکاری سەرسەختی مافە ڕەواکانی هاووڵاتیانی شاری کەرکووک زانیووە و پێشمان وایە نابێت هیچ کەسێک، یان حزبێکی سیاسی، لەژێر هیچ پاساوێکدا ڕێگە بەخۆی بدات کە مافی خەڵکیتر زەوت بکات. ئێمە سەرکۆنەی هەرجۆرە ڕەفتارێکی ناشایستە دەکەین کە دژ بەهاوڵاتیان ئەنجامبدرێ.
هاوکات، جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەر جۆرە کێشەیەکی پەیوەست بە خاوەندارێتیی زەوی و پرۆژەکانی وەبەرهێنان، دەبێت لە ڕێگای یاسایی و دروست و دادپەروەرانەوە چارەسەر بکرێت، بە جۆرێک کە هەر کەسێک بەپێی مافی خۆی و قەبارەی زیانەکەی، قەرەبووی شایستە وەربگرێتەوە و مافی نەفەوتێت.
وێڕای پشتیوانیکردنمان لە مافخواران، داوا لە هاووڵاتیانی ئازیزی شارەکە دەکەین کە گوزارشتکردن لە ناڕەزایەتییەکانیان تەنیا بە رێگەی مەدەنیانە و ئاشتییانە بێت،
پێویستە هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی گرفتەکان نەگەنە ئاستی توندوتیژی.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی
پارتی دیموکراتی کوردستان

