zagros news agency

شارەزایەکی کاروباری ئێران تایبەت بۆ زاگرۆس: نێچیرڤان بارزانی ئەکتەرێکی یەکلاکەرەوەی هاوکێشە هەرێمییەکانە

دکتۆر جەگەرخوین هەرکی، شارەزای کاروباری ئێران ڕایدەگەیێنێت، بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران تەنیا “پەیامێکی تەشریفاتی نییە”، بەڵکو نیشانەی پێگەی ستراتیژیی هەولێر و متمانەی قووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە “دیپلۆماسیی هاوسەنگی” سەرۆکی هەرێم.

دکتۆر جەگەرخوین هەرکی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە سیاسییەکانی بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕێبەری کۆچکردووی ئەو وڵاتە و گوتی: “ئەم هەنگاوە دەری دەخات کە تاران گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر دەدات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کەسایەتییەکی کاریگەر دەبینێت کە لە هەستیارترین قۆناغەکاندا توانیویەتی لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە.”

“سیمبولی دیپلۆماسیی هاوسەنگ”

ئەو شارەزایەی کاروباری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵانی ڕابردوودا وەک یەکێک لە کاراکتەرە دیارەکانی ناوچەکە دەرکەوتووە و توانیویەتی پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکاندا بەرز بکاتەوە. گوتیشی: “سەرۆکی هەرێم بووەتە سیمبولی دیپلۆماسیی هاوسەنگ؛ ئەو ڕێبازەی کە لەسەر بنەمای واقیعبینی و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان داڕژاوە.”

بە بڕوای دکتۆر جەگەرخوین، هەرێمی کوردستان لەژێر سایەی ئەم سیاسەتەدا، لە “بەشێک لە کێشەکانەوە” گۆڕاوە بۆ “بەشێک لە چارەسەرییەکان” و بووەتە هۆکاری سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پەیامێکی سیاسی بۆ دراوسێکان

سەبارەت بە بایەخی سەردانەکە، ئەو شارەزایە دەڵێت: “ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لە تاران تەنیا بەشداریکردن لە مەراسیمێکی فەرمی نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکی سیاسیی قووڵە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و ڕێزی بەرامبەر لە نێوان دراوسێکاندا.”

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە پەیوەندییانە نەک هەر پەیوەندیی نێوان تاران و هەولێر بەهێزتر دەکات، بەڵکو ژینگەیەکی لەبارتر بۆ گەشەپێدان و ئاسایشی هاوبەش لە تەواوی ناوچەکەدا دەڕەخسێنێت، چونکە سەقامگیری تەنیا لە ڕێگەی “عەقڵانیەتی سیاسی” و لێکتێگەیشتنەوە بەدەست دێت، نەک ڕووبەڕووبوونەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان: پێویستە بەغدا قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە

دڵشاد

بڕی پارەی پسوولەی نیوەی ماڵان بۆ مانگی 6 لە پڕۆژەی ڕووناکی

دڵشاد

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى مامۆستايان و فه‌رمانبه‌رانى مانگرتوو

یاسین