نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی دەهوا ڕەببا (جەژنی گەورە)، پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی پێکهاتەی سابیئەی مەندائی لە کوردستان، عێراق و جیهان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێكس بڵاوی کردووەتەوە، هیوای خواست ئەم جەژنە پڕ بێت لە خێر، خۆشی و ئاشتی بۆ ئەم پێکهاتە ڕەسەنە.
نێچیرڤان بارزانی هەر لە پەیامە پیرۆزباییەكەدا جەختی لەوە کردەوە کە جۆراوجۆریی ئایینی و کولتووری لە وڵاتدا، نەک هەر بارگرانی نییە، بەڵکو سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێزە و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان هەموو چین و توێژەکاندا.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی ڕێزی دوولایەنە لەنێوان پێکهاتەکان کرد و وەک پارێزەری ئەو فرە ئایینییەی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت کە تێیدا هەمووان وەک یەک جەستە دەژین.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم پێكهاتە ئایینییەکان دابین بکات تاوەکو بە ئازادی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکتری تاكە ڕێگەیە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشاوە بۆ عێراق و ناوچەکە.

