ڕۆژی یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئەندرو بیزلی کونسوڵی گشتی بریتانیا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی بریتانیا کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و بۆ مالئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و خەلکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند کە هەمیشە پاڵپشتیان بوونە لە ئەرک و کارەکەیدا و جەختی لە گرنگی بەردەوامی و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان بریتانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە. هەروەها هیوای سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی بەردەوامی بۆ هەرێمی کوردستان خواست.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی بریتانیای لە هەولێر کرد بۆ ئەرکەکانی لە ماوەی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا، هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی لەو پەیوەندییە مێژوویانە کردەوە کە لە نێوان گەلی کوردستان و بریتانیا هەبووە و سوپاس و پێزانینی بۆ گەل و حکومەتی بریتانیا هەبوو لەمەڕ هەڵوێستە مێژووییەکانیان بەرانبەر گەلی کوردستان.
باردودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دواپێشهات و ئالنگارییەکان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.

