کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی بەیانیی ئەمڕۆی سەر پیرمامی کرد، کە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردبووە ئامانج، هاوکات جەختی لەسەر پاراستنی بێلایەنیی هەرێمی کوردستان لە ململانێ هەرێمییەکاندا کردەوە.
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، کە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ڕەتکراوەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر شەڕ و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا هاوسەنگی بپارێزێت و خۆی لە ململانێکان بەدوور بگرێت.
ئەم هەڵوێستەی کۆمەڵی دادگەری لە دوای ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان هات، کە تێیدا ڕاگەیەنرا بەیانیی ئەمڕۆ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە ناو خاکی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتیی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کراون لە قەزای پیرمام.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشە درۆنییەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام هاوکات نیگەرانییە دبلۆماسی و ئەمنییەکانی لەبارەی تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزییە ناوچەیییەکاندا قوڵتر کردووەتەوە.

