zagros news agency

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی پێداویستی و قڕکەر بەسەر جووتیارانی هەولێر دابەش دەکرێت

 

لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەستی کرد بە دابەشکردنی قڕکەر و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بەسەر جووتیارانی سنوورەکەدا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە پلانی بەردەوامی حکومەت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. ئاماژە بەوەش دراوە کە ساڵانە چەندین جار و لە وەرزە جیاوازەکاندا، ئەم پێداویستی و دەرمانە کشتوکاڵیانە دابەش دەکرێن، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان و پاراستنی کوالێتی بەرهەمەکان.

ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوەی سەرۆکی حکومەت، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیە چ لە ڕووی چەندایەتی و چ لە ڕووی چۆنیەتییەوە، تاوەکو جووتیارانی کوردستان بتوانن بەرهەمێکی تەندروست و پێشکەوتوو بخەنە بازاڕەکانەوە و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کەرتی کشتوکاڵی وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات ناساندووە و بەردەوام لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستییەکان و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیاران، پشتیوانی ئەم کەرتە دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

گەڕانەوەی خێزانە ئوسترالییەکانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە

یاسین

زۆر خواردنی میوە لە یەک کاتدا زیان بە کۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت

یاسین

دابەزینی نرخی ماسی لە بازاڕەکاندا؛ ئەگەر هەیە نرخەکە زیاتریش دابەزێت

سەڵاح