ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەنجوومەنی وەزیران داوای خەرج کردنی مووچەی دوو مانگی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات و جەخت لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان، تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان دەکاتەوە.

چوارشەممە (10ـی تەمموزی 2024) بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم، سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغدا کرا، لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایە ڕوو.

لە کۆبوونەوەدا، جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرایەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە.

پاشان، لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد، کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵیی تا ئێستا، مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ڕاپۆرتێکی وردی خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامیی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی؛ هەروەها گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرایەوە بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستووریەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەی ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێ گەیاندووە و ئەرکی حکوومەتی فیدراڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوا نەکەوێت.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات . هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024ـیشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان، بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی

سەڵاح

سەرۆکوەزیران و شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان تاوتوێی سەرژمێری دەکەن

سەڵاح

سەربازێكی سوپای عێراق لە كەركووك كوژرا

سەڵاح