ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی 16ی ئابدا

 

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 16ی ئاب و لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.

لە پەیامە پیرۆزباییەكەی نێچیرڤان بارزانی هاتووە ” له‌ يادى (78) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستاندا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى شه‌هيدانى كوردستان داده‌نوێنين و سڵاو بۆ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين”.

ئەمە پەیامەكەی نێچيرڤان بارزانییە له‌ يادى 16ى ئابدا:-

له‌ يادى (78) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستاندا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى شه‌هيدانى كوردستان داده‌نوێنين و سڵاو بۆ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين. به‌ شكۆوه‌ ڕابه‌رى گه‌لى كوردستان و دامه‌زرێنه‌رى پارتى، بارزانيى نه‌مر و ته‌واوى هاوه‌ڵانى و هه‌موو ئه‌و قاره‌مان و شۆڕشگێڕانه‌ به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌ كاروانى خه‌باتى پارتى و بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى كوردستاندا تێكۆشاون و قوربانييان داوه‌.

به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و سه‌ركردايه‌تى و ته‌واوى ئۆرگانه‌كان و ئه‌ندامان و لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى و له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و گه‌لى كوردستان به‌گشتى ده‌كه‌م. له‌ كاروانى به‌رده‌وامى خه‌بات و تێكۆشاندا، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ پارتيمان و هه‌موو دڵسۆزانى كوردستان ده‌خوازم.
له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا داكۆكى له‌ به‌ها و بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كان و ئه‌و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانييه‌ باڵايانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پارتى له‌پێناوياندا دامه‌زرا و ڕابه‌رايه‌تيى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى كوردستانى كرد.

مايه‌ى شانازييه‌كى گه‌وره‌يه‌ كه‌ له‌ ڕۆژى دامه‌زراندييه‌وه‌، پارتى پێشه‌نگيى بزووتنه‌وه‌ى كوردايه‌تييه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ ئازادى و سه‌رفرازيى كوردستان و تا سه‌ركه‌وتنى يه‌كجارى به‌ بڕواوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت‌.

له‌ كاتێكدا يادى پيرۆزى 16ى ئاب ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م پێشهات و ئاڵنگاريى گه‌وره‌دان. پارتى چۆن له‌ خه‌بات و شۆڕش و ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستاندا، ڕۆڵ و ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى سه‌ره‌كى هه‌يه‌، ئێستا و بۆ هه‌ميشه پێشه‌نگى پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى و پاراستنى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستانه‌ و به‌ هه‌موو هێز و توانايه‌وه‌ له‌مپێناوه‌دا ده‌سپێشخه‌ر و به‌رده‌وام ده‌بێت‌.

پارتى هه‌ميشه‌ شانازى به‌ مێژووى تێكۆشان و قوربانى و ده‌سكه‌وته‌‌كانييه‌وه‌ ده‌كات و به‌ بڕوا و متمانه‌ى گه‌لى كوردستان، به‌ هيوا و ئومێده‌وه‌ بۆ داهاتوويه‌كى گه‌شتر كار ده‌كات. بۆيه‌ پێويسته‌ هه‌ميشه‌ خۆى له‌گه‌ڵ پێشكه‌و‌تنه‌كانى سه‌رده‌م له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نوێ بكاته‌وه‌ و بره‌و به‌ ئه‌زموونى حوكمڕانى و به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كان و گيانى نيشتمانى و سووربوون له‌سه‌ر تێكۆشان بدات تا ئازادى و سه‌رفرازى و هه‌موو مافه‌كانى گه‌لى كوردستان مسۆگه‌ر ده‌كات.

سڵاو و دروود له‌ گيانى پاكى شه‌هيدان
پيرۆز بێت يادى 16ى ئاب
نێچيرڤان بارزانى
2024/8/16

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

سەڵاح

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل مسۆگەرە

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شێخ نه‌هرۆ كه‌سنه‌زانی

سەڵاح