ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پارێزگارى هەولێر داوا لە هاوڵاتییان دەکات، هاوکار و هەماهەنگى تیمەکانى سەرژمێرى گشتیی بن

 

ئەمڕۆ شەممە 2024.11.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بەدەستپێکردنى قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى گشتیی لە سنوورى پارێزگارى هەولێر، کە بە قۆناغی 77 پرسیارەکە ناسراوە، بە ئامادەبوونى بەرێوەبەر و تیمى بەڕێوەبەرایەتى ئامارى هەولێر، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان، وێڕاى دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئامار و تێکڕاى تیمەکان و هەموو ئەو کەسانەى کە بوونە بەشێک لە سەرخستنى پڕۆسەکە، سوپاسی هاوڵاتیانی سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، کە بوونه‌ هۆکارى سەرخستن و سەرکەوتنی پڕۆسەکە، و گوتى: “ئێستاش پێویست دەکات لەو قۆناغەشدا ئەو هاوکاربوون و پشتیگیریی و پشتیوانییەى هاوڵاتییان لە تیمەکان بەردەوامى هەبێت”.

هەروەها پارێزگارى هەولێر، سوپاسى وەزارەتى پلاندانى هەرێمى کوردستان و هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەتى پلاندانى عێراق و دەستەى ئامارى گشتیى کرد، کە بەپێى ئەو پلان و میکانیزەمى داڕێژرابوو پڕۆسەکەیان بە سەرکەوتوویى ئەنجامدا.

سەبارەت بەو هاوڵاتییانەشى کە لە سنووری پارێزگاى هەولێر نیشتەجێن و بەهۆی پرۆسەکە گەڕبوونەوە زێدی خۆیان و لەوێ تۆمارکراون، بۆ تەواوکردنى ئەو قۆناغە، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “دیمەنى گەڕانەوەى ئەو خۆشەویستانە بە لێشاو بۆ زێدى خۆیان، ماییەى ڕێز و پێزانين و سوپاسە کە پڕبوو لە هەستکردنى نیشتیمانى و نەتەوەیی، لەو قۆناغەشدا پێویست دەکات لە هەرخێزانێک کەسێکیان لەو شوێنەى سەرژمێرى لێکراوە ئامادە بێت”.

گوتیشى: “بۆ ئەم قۆناغەش، كه‌ تاکو 2024.12.10، بەردەوام دەبێت، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، نزیکەى 2800 بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و 10 هەزار توێژەر ڕاهێنانى دروستیان بینیوە و بەشێوەیەکى دروست کارەکانیان وەک قۆناغەکانى ترى پڕۆسەکە بە دروستى ئەنجامدەدەن و وەک کارمەندی بژمێر سەردانى هاوڵاتییان دەکەن”.

جێگەى باسە، ڕۆژی 20ـی 11ى 2024، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـی 11ى 2024 بەردەوام بوو، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێمى کوردستان ڕاگەیەنرا و لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە هەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمى تۆمارکردنی خێزان و ئەندام لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی ڕێژەى تۆمارکردنى هاوڵاتییان ( 100% ) بوو و هەولێرى پایتەخت بوو به‌ پێشنگى سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

زیندانییەکی سیاسی کورد ماوەی 10 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

سەڵاح

پاڵاوتنەکانی مۆندیال.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ سێشەممە

sirwan

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری بانکیی ناوەندیی عێراق دەکات

سەڵاح