دوو زانکۆ ئاشکرای دەکەن، لە هەفتەی داهاتوودا پشووی سەری ساڵ لە زانكۆکانیان دەست پێدەكات و 5ی1ی 2025 دەوام دەست پێدەكاتەوە.
سەرمەند بەرزنجی، بەڕێوەبەری کارگێڕی و خۆیەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر، ڕایگەیاند: “بەپێی ساڵنامەی زانكۆ، پشووی سەری ساڵ لە 28ی 12 تاوەكوو 2ی1ی2025، دەبێت، بەڵام بە گشتی پشووەكە لە 25ی 12 دەست پێدەكات و رۆژی 5ی1ی2025 دەوام دەست پێ دەكاتەوە.”
ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان بەپێی ساڵنامەی خۆیان دەوام و پشووەكانیان رێك خستووە، گوتیشی: “ئێمە رەچاوی ئەوەمان كردووە، كە پشووی حكوومەتیش بۆ سەری ساڵ رادەگەیەندرێت، بۆیە تێكەڵكێشی كراوە لەنێوان هەردوو پشووەكە.”
ئەو بەرپرسەی زانکۆ گوتیشی: “ئەوەی لە ساڵنامەکەدا هاتووە، فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەڵام لەسەر بنەمای بڕیاری حکوومەت بۆ پشووی سەری ساڵ، هەموان دەگرێتەوە.”
لای خۆیەوە سامان عەبدوڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند: “پشووی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەدین، لە 24ی 12دەست پێدەکات و تاوەکوو سەرەتای ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت.”
ئاماژەی بەوەش دا: “پشووەکە تەنیا قوتابیان دەگرێتەوە و مامۆستایان و فەرمانبەران دەوامی خۆیان دەکەن و پشووی ئەوان لەگەڵ پشووی فەرمیی حکوومەتدا دەبێت.”
ساڵی رابردوو هەشت ڕۆژ پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان راگەیاندرا، كە لە 25ـی كانوونی یەكەمی 2023 تاكوو 1ی كانوونی دووەمی 2024 بوو.
شوان بەرزنجی