شارەزاێكی پەیوەندییە نێودەولەتیەكان دەلێت هەروەکو دیارە حکومەتی فیدڕاڵ سەرەڕای هەبونی دەستور و یاسا و بڕیاری دادگەی فیدڕالێ لەسەر خەرج کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە ، بەڵام مافی سەدان هەزار کەس پێشێل دەکرێت و دادگای فیدڕاڵی و سەرۆک کۆماری عیڕاق کە دوو لایەنی سەرەکین وەک پارێزەری دەستور بەڵام بێ باکن، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای نێودەوڵەتی لەسەر حکومەتی عیڕاق تۆمار بکات.
هەكار مزوری شارەزایی پەیوەندییە نێودەولەتیەكان بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس گووتی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوریەکان ( icescr) لە ساڵی ١٩٦٦ لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەنگی لەسەر درا و لەساڵی ١٩٧٦ چوە بواری جێبجەکردن ، عیڕاق یەکێک بو لەو وڵاتانەی کە واژووی لەسەر ئەم پەیماننامەیەی کردوە ، کەخۆی دوو بابەت بوە یەکەمیان تایبەت بو بە مافە مەدەنی و سیاسیەکان (iccpr) و دووەمیان مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتورییەکان ( icescr) ، بە پشت بەستن بەم مادانەی ناو ئەم ڕێکەوتننامەیە هەرێم دەتوانێت سکاڵا بکات:
مادەی حەفتەم:وڵاتەکانی تەرەف لەم پەیماننامەیە دان بە مافی هەمو تاکێک دادەنێن لە بەدەست هێنانی مەرجەکانی کار کە دادپەروەربن و ڕەزامەندی لەسەر بێت کە ئەم تایبەت مەندیەی هەبیت( دەبێ کرێیەکی دادپەروەر بە کرێکار بدرێت کە ژیانێکی شەرەف مەندی هەبێت خۆی و خێزانەکەی).
فەرمانبەرانی هەرێم کار دەکەن بەڵام دادپەروەری نیە لەلایەن بەغدا ئەویش کە ڕاگرتنی مافی فەرمانبەرانە کە موچەیە.
مادەی دوازدەهەم:وڵاتانی بەشدار لەم پەیماننامەیە دەبێ مافی هەمو تاکێک بدات لە ئاستی بژێوی بۆ خۆی و خێزانەکەی، کەدەبێ خواردن و جێگای حەوانەوەی پێ بدرێت، وەدەبێت بەردەوام ژیانی تاک باشتر بکات.
دیسان لەمەش عیڕاق مافی فەرمانبەرانی کوردستانی پێشێل کردوە و ژیان و گوزەرانی تێک چوە ، هەروەها دەیان کەس لەبەر نەبونی موچە ناتوانن کرێی مانگانەی مەسکەنەکانیان بدەن.
هەكار مزوری گوتیشی لێرە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە هیومان ڕایتس وچ و ڕێکخراوی ئەمنێستی سکاڵا تومار بکات کە گوشاری نێودەوڵەتی لە عیڕاق بکەن تا مافی فەرمانبەرانی کوردستان بدەن، هەمو ئەمە وایکردوە کاریگەری لەسەر خوێندن و تەندروستی دروست ببێت ، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەژیانی ئافرەت و منداڵ و پیر و خاوەن پێداویستی تایبەت، ژیانی هەشت ملیۆن مرۆڤ کەوتوەتە بەر هەڕەشە دەبێ بەزوترین کات بەدەم سکاڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەبێن.
هەروەها لە جاڕنامەی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ کەلە ساڵی ١٩٤٨ پەسەند کراوە ، بە پشت بەستن بەم مادانە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سکاڵا بکات:
مادەی ٢٣ بڕگەی ٣ : بۆ هەر کەسێک کە کار دەکات مافی ئەوەی هەیە کە کرێیەکی دادپەروەر و ڕەزامەندی پێ بدرێت کە ژیانی خۆی و خێزانی پێ بەڕێوەبچێت و کەرامەتی مرۆڤی پێ پارێزراوبێت.
مادەی ٢٥:هەمو تاکێک مافی هەیە لە ژیانێک بۆ خۆی و خێزانی لە تەندروستی و خۆشگوزەرانی ، کە بەندە بە خواردن و مەسکەن و چارەسەری پزیشکی.
مزوری باسی لەوەشكرد حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بەم مادانە دەتوانیت سکاڵا تومار بکات بەفەرمی لەڕێگەی یۆنامی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەمێنستی و یونسێف و هیومان ڕایتس ووچ، چونکە ئەمە پێشێل کردنی مافی مرۆڤە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ لە عیڕاق دەرهەق بەمافی کوردستانیان دەکرێت ، کە بەردەوامی ئەم پێشێل کردنانە دەبێتە هۆکاری زیان گەیاندن بە منداڵ و ئافرەت و پیر و هەزاران خاوەن پێداویستی تایبەت و هەزاران کەسی نەخۆش کە پێوسیتیان بە چارەسەری بەردەوام هەیە لە نەخۆشخانەکان.
هەروها عێڕاق ئەندامە لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) کە ڕێکەوتنی ژمارە ٩٥ هەیە تایبەتە بە پاراستنی کرێی کار کەلەساڵی ١٩٤٩ کراوە کە تێیدا هاتوە پێویستە کرێ ڕاستەوخۆ و بەشێوەی ڕێکخراو بدرێت.کە ئامانج لێی ئەوەیە کرێی کار لەکاتی خۆی و بەتەواوەتی بدرێت .
حکومەتی عێڕاق لەمەش پێشێلی ئەم ڕێکەوتنامەیەی کردوە کەدەبێت کرێ(موچە)ی فەرمانبەرانی کوردستان هاوشانی فەرمانبەرانی عیڕاق لەکاتی خۆی و بەتەواوەتی بدات بەڵام بەبێ هۆکاری یاسایی بە هۆکاری سیاسی ئەم مافەی پێشێل کردوە.
هەروەها سکاڵا لەسەر هەمو ئەو پەرلەمانتار و وەزیر و کاربەدەستانە بکات کە هۆکارن یان پەیوەندیان بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان هەیە، هەروەها دەبێت میدیا کوردستانیەکان لۆبیەکی گەورە دروست بکەن و بەجیهان ڕابگەینن کە بەغدا ستەم لە فەرمانبەرانی کوردستان دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕیگەی کونسلخانە و بالیوزخانەکانی وڵاتانەوە گوزەرانی ئێستای خەڵکی کوردستان بگەیەنێتە جیهان، هەروەها دەتوانێت لە ڕێگەی وڵاتانی دۆستەوە پاڵەپەستۆیەکی نێودەوڵەتی لەسەر عێڕاق دروست بکات، تا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگ بێت و ئەم کەیسە وەک کێشەیەکی ناوخۆی عێڕاق بهێڵێتەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا زیاتر ڕشد دەبن لە ستەمەکانیان دەرهەق بە مافەکانی کوردستانیان.
هەر لەسەر ئاستی ناوخۆش دەبێت هەمو ئەو کەس و لایەنانە بدرێنە دادگا کە بیانو بۆ بەغدا دێننەوە لەسەر بڕینی موچە و قوتی خەڵک، هەروەها ئەو کەناڵانەش بدرێنە دادگا کە بیانو بۆ بەغدا دەهێننەوە، چونکە موچەی فەرمانبەران بەپێی دەستور و بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی دەبێت خەرج بکرێت بەدور لە گشت ناکۆکیە سیاسیەکان، ئەو کەس و لایەن و دەزگایەی پێچەوانەی ئەمە قسە بکات واتا بەشدارە لە بڕینی موچە بۆیە پێوسیتە دادگایی بکرێت.
پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزوترین کات دەست بە تۆمارکردنی سکاڵا بکات و بانگهێشتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بکات کەببینن بڕینی موچە چ کارەساتێکی ناوەتەوە و چۆن ژیانی هەشت ملیۆن مرۆڤ خستوەتە بەر مەترسی ، هەروەها ژیانی ملیۆنان ئافرەت و منداڵ و پیر و خاوەن پێداویستی تایبەت هەڕەشەی لەسەر دروست بوە.

