گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی مووچە بۆ ساڵی 2025ـە و حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو لەسەر وەرگرتنی بودجەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمووز 120 ملیار دۆلار دەداتە بەغدا. ئاماژەی بەوەش کرد ئەم پارەیە گوشارێکی زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
گوتیشی بە پێی یاسای بودجە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارەیەی بۆ دیاری نەکراوە کە بۆ مووچە بیدا، بەڵام لەبەر ئەوەی دابینکردنی مووچەی هاووڵاتیانی بۆ گرینگە، ئەم پارەیە دەدات.
بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2026، لەسەر داواکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەچێتە گفتوگۆوە. لەبەر ئەوەی مافی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە نییە کە ئەم هەموو گفتوگۆیەی لەسەر بگرێت و ئەمە لە یاسای بودجەدا یەکلایی بووەتەوە.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی بە پێی یاسا دەبێ بودجەی هەرێمی کوردستان بەو جۆرەی دیاری کراوە بنێردرێت و پەرلەمانی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری چاوەدێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ خەرج کردنی ئەم بودجەیە.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوش کرد، وەزارەتی دارایی بۆدابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت، هەموو ڕێکارە پێویستەکانی گرتووەتە بەر و لەگەڵ گەیشتنی پارە، مووچەی هاووڵاتییان دابەش دەکرێت. لیستی مووچەی مانگی ئابیش ئامادە کراوە و دەینێرن بۆ بەغدا.
گوتیشی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ بەغدا بۆ سێ مانگە لەبەر ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا یاسایەکی نوێ بۆ بودجە ئامادە دەکرێت و ئەو کات ئەوانیش لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن.

