ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی سی و شەش ساڵەی ئەنفالدا

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی لە یادی سی و شەش ساڵەی ئەنفال بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییدا هاتووه‌،بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان، شاڵاوی ئەنفال یەكێكە لە تاوانە هەرە گەورەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق كە بە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردن و قڕكردنی مرۆڤی كورد ئەنجام درا. لەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەدا كە لە چەند قۆناغ و بە شێوەیەكی ڕێكخراو سەرجەم ناوچەكانی كوردستانی گرتەوە، سەدوهەشتا هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان بێسەروشوێن و شەهید كران. لەگەڵ ئەوەشدا كیمیابارانكردنی كوردستان و وێرانكردنی هەزاران گوند و پلانی بەعەرەبكردن و ڕاگواستنی زۆرەملێ و تێكدانی ژێرخانی ئابووری و دیموگرافی و كۆمەڵایەتی و دەروونی كوردستان بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوون كە بەشێوەیەكی ڕێكخستوو و ئامانجدار لەلایەن ڕژێمی عێراق بەرانبەر گەلەكەمان ئەنجام درا.

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێ،ڕاستە ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال و تاوانەكانی تر تووشی شكست بوون و كەوتنە زبڵدانی مێژوو بەڵام ئاسەواری ئەو جینۆساید و زوڵمەی لەدژی گەلەكەمان ئەنجام دران هەر ماون و برینەكانی گەلەكەمان ساڕێژ نەكراون. سەرباری ئەو ستەمە گەورەیەی لە گەلەكەمان كراوە بەداخەوە هێشتا دەنگ و ڕەنگی شۆڤێنی بۆ دژایەتیكردنی كورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەبیندرێت. ئەركی سەرشانی دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراقە كە کار بۆ قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆساید و زوڵمە بكەن كە لەبەرانبەر گەلی كوردستاندا ئەنجام دراوە و پێویستە ڕێگە لە هەموو جۆرە هەوڵ و سیاسەتێكی شووم بگرن كە بە دیدێكی شۆڤینی و نكۆڵیكار سەیری مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی رایده‌گه‌ێنێت،لە یادی سی و شەش ساڵەی تاوانی ئەنفالدا پێزانینمان بۆ قوربانیدان و خۆڕاگریی كەسوكاری ئەنفال و شەهیدان هەیە و سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

Appel لە نوێترین وەشانیدا تایبەتمەندیەکی نوێ زیاد دەکات

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

سەڵاح

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٥٤)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

یاسین