zagros news agency

لە هەولێر … گەورەترین کەمپین بۆ هاوکارى خوشك برایانی ڕۆژئاوای كوردستان ڕادەگەێنرێت

 

ئەمرۆ چوارشەممە 2026.1.21، بەسەر پەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شاروانی هەولێر و سەرۆكانی ژووری بازرگانی، یەكێتی بەڵێندەران، یەكێتی هاوردە و ناردنكاران و بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆی پارێزگا و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و قەیرانەكانی پارێزگا و ژمارەیەكی تر لە بازرگان و پیاوانی كار، لە دیوانی پارێزگا، سەبارەت بە ڕاگەیاندنى گەورەترین کەمپینى هەولێر بۆ هاریكاری و یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان كە بەهۆی ئەو شەڕ و ماڵوێرانیەی بەرۆكی گرتوون و لەسەر زێدی خۆیان دەربەدەر كراون، كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر، بریاری ڕاگەیاندنی گەورەترین کەمپینی بەرفراوانی کۆکردنەوەی کۆمەك و هاوکاری بۆ لێقەوماوانی خوشك و برایانی ڕۆژئاوادا و رایگەیاند، بە ئومێدی ئەوەی خەڵکی هەولێر كە هەمیشە بەخشندە و میهرەبان بوونە لەم بارودۆخە نەخوازراوەی بەسەر خوشك و برایانمان لە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان هاتووە بتوانین لە ڕووە مرۆییەكەوه‌ کۆمەکیان بکەین و هاوكاریان بین، هیوادارین بتوانین یارمەتیان بدەین، بە خۆشحاڵیەوە هەولێری پایتەختیش یەکەمین شوێنە كە ئەو كەمپینە ڕادەگەێنێ.

هەر لەم چوار چێوەیەشدا بۆ گرتنە بەری رێکاری پێویست و گەیاندنی ئەو کۆمەکانە، سەرجەم لایەنەكانی ڕاسپارد دەست بە ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ كەمپینەكە، كە لە سبەینێوە لە پێش پارکی شانەدەر گەورەترین خێوەت هەڵدەدرێت و هاووڵاتیان و خێرخوازان و خوا پێداون و کۆمپانیاکان دەتوانن یامەتیەکانی خۆیان لەكەل و پەل و پێداویستی ناوماڵ وەك سۆبە، بەتانی، خۆراك و جل و بەرگی منداڵان و پارە بگەێننە ئەو شوێنە.

گوتیشی، ئەو کارە تەواو کارێکی مرۆییەو پەیوەندی بە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسیەوە نییە و كەمپینی خەڵكی شاری هەولێرە وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی و لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خوشك و برایانی لێقەوماوی ڕۆژئاوای كوردستان ئەو كەمپینە ڕادەگەێنرێت، ئەوەی بەلامانەوە گرنگ و مەبەستە ئەنجامدانی کارێکی مرۆییە، بۆیە هەر خێرخواز و کەس و لایەنێك دەیەوێت لەم پرۆسە مرۆییە بەشدار بێت دەتوانێت هاوكاری و یارمەتیەكانی بگەێنێتە ئەو كەمپینە.

لەكۆتایشدا، سوپاسی سەرجەم ئەو خێرخواز و كەسایەتی و کۆمپانیایانەی کەرتی تایبەت و خواپێداوانەی سنووری پارێزگای هەولێر كرد كە لەماوەی ڕابردوودا بەهەموو شێوەیەك لە كاری مرۆیی و كاری خێرخوازیدا هاوكار و هەماهەنگی پارێزگای هەولێر بوونە، داواشی لە خەڵکی بەشەرەف و خۆشەویستی شاری هەولێر كرد، کە هەمیشە بە بەخشندەیی و میهرەبانیەوە ناسراون رۆڵی خۆیان ببینن و هەموومان بەیەکەوە هاوکار و پشتیوانی ئەو کەمپینە بكه‌ین بۆ گەیاندنی کۆمەك و هاوکاری بە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەسەدە و حکومەتی سوریا گەیشتنە رێککەوتن

یاسین

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان

یاسین