فراکسیۆنی پارتی لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە:
فراکسیۆنی پارتی بابەتی زیادکردنی بڕگە بۆ بەرنامەی کار، پێشێلکردنی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ و کۆدەنگی سیاسییە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ڕوویدا لە زیادکردنی بڕگە بۆ خشتەی کاری پەرلەمان، پێچەوانەی بڕگەکانی مادەی (٣٧/دووەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانە؛ وە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوور و پێچەوانەی کۆدەنگی سیاسی نێوان پێکهاتەکانە، بۆیە ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆمان ڕادەگەیەنین لە هەمبەر ئەوە پێشێلکاریەی کە ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕوویداو بووە هۆی تێکدانی ڕێکەوتنە سیاسییەکان، کە ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپی کۆدەنگی و هاوسەنگییە لە دانانی پۆستە باڵاکانی دەوڵەتدا.
بۆیە ناڕەزایی خۆمان بۆ ئەم شێوازەی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەردەبڕین و ڕەتی دەکەینەوەو هۆشداری دەدەین لە دووبارەبوونەوەی، وە لێرەدا جەخت لە سەر ئەوە دەکەینەوە کە بنیاتنانی دەوڵەت بە قۆرغکردنی بڕیارەکان و پەراوێزخستنی مافی پێکهاتەکانی خەڵک بەدی نایەت.
ـ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
17ی شوباتی 2026

