zagros news agency

مەسرور بارزانی: ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 7/4/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە پرسەی هەردوو شەهیدی گوندی زەرگەزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر کرد و پرسە و هاوخەمیی خۆی بۆ خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانی گوندی زەرگەزەوی دەربڕی.

مەسرور بارزانی، لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “جارێکی دیکە بەبێ پاساو هێرش کرایە سەر خەڵکی بێتاوانی هەرێمی کوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون کە جێی داخی هەموو لایەکمانە، سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.”

گوتیشی: “ئەمە چەندین جارە بە بێ هۆ و پاساو هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی شەهیدانمان بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەمان، هەروەها بۆ پاراستنی خاک و وڵاتمان بەردەوام دەبین.”

سەرۆکی حکوومەت راشی گەیاند: “سوپاسی پشوودرێژی و هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیوادارین ئەم شەڕ و گرژییە بەرەو کۆتایی بڕۆن و خەڵکی ئێمە بە ئاواتی دێری خۆیان بگەن.”

هەروەها مەسرور بارزانی لە بارەی بەردەوامی هێرشەکان و هەڵوێستی حکوومەتی عێراق گوتی: “بە داخەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هەرێم.”

ئەوەشی خستە روو: “ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و دۆسەتەکانی خۆمان قسەمان کردووە، هەموویان پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکی بێ تاوانی هەرێمەکە دووپات کردووەتەوە، ئومێدەوارم بتوانن سنوورێک بۆ ئەو پەلامارانە دابنرێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.”

لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا: “بە ڕاستی هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەو پەلامار و هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان قسە کراوە و گلییەکانی خۆمان پێ گەیاندوون و پێشمان گووتوون هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و ئێمە مەترسی نین بۆ سەر هیچ لایەنێک، بەڵام بەراستی ئەوانەی پالاماری خەڵکی هەرێم دەدەن بەرانبەر بە خوا و ویژدانی خەڵک بەرپرسیارن، چونکە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە بکەن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بڵاودەکاتەوە

دڵشاد

بە گوژمه‌ی زیاتر لە 933 ملیۆن دینار پڕۆژه‌یه‌كی نوێی خزمەتگوزاری لە 8ی حەسارۆک ده‌ستیپێكرد

سەڵاح

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: سه‌رۆكی حكوومه‌ت لەبارەی دابەشكردنی زەوییەوە بڕیارێك لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی عەنكاوە دەدات

یاسین