zagros news agency

‎دیندار زێباری: حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاسپاردە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان مافەکانی کرێکاران دەستەبەر بکات

لە ڕۆژی یەکی ئایار جیهانی کرێکاران د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەم بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، پێشکەوتنە

نوێیەکانی لە بواری پەرەپێدانی هەلی کار و پاراستنی مافی کرێکاران هەنگاوی جددی نراوە و چەندین دەستکەوتی گرنگ لەم بارەوە بەدەستهاتوون.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: وەک بەشێک لە پابەندیی حکومەتی هەرێم بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لە چوارچێوەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی هەرێم پابەندە بە دابینکردنی ژینگەیەکی کاری سەلامەت و دادپەروەرانە. تا ئێستا ٣٠٣ هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، کە ٢٢٥ هەزاریان تەنیا لە ٥ ساڵی ڕابردوودا بووە. ئەمەش دەرخەری توندوتۆڵکردنی چاودێریی حکومەتە لەسەر کەرتی تایبەت، کە تێیدا ٦١ هەزار پڕۆژە دەستەبەر کراون.

لەبارەی مافە داراییەکانەوە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە بۆ گەرەنتی کردنی بژێوییەکی شایستە، کەمترین کرێی مانگانە بە ٤٥٠ هەزار دینار دیاریکراوە. هەروەها لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ تا کۆتایی ٢٠٢٥، بڕی ٧٠ ملیار دینار وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ زیاتر لە ١٧ هەزار کرێکار خەرج کراوە.

د. دیندار زێباری ئاماژەی بە سیاسەتی حکومەت کرد بۆ لە پێشینەدان بە دەستی کاری ناوخۆیی و وتی: بەپێی بڕیاری ژمارە ١٧٢، دەبێت ٧٥٪ی کارمەندانی پڕۆژەکان هاووڵاتیی هەرێم بن. لەم ڕووەوە، ٢٠٧ پڕۆژە کە پابەندی ئەم بڕیارە نەبوون ڕەوانەی دادگا کراون و توانراوە ٢١٨٠ کرێکاری ناوخۆیی خراونەتە سەر کار.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە ٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٤٠ هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت بڕەخسێنێت. هەروەها پۆرتاڵی کار (Kar) بووەتە پردێکی گرنگ بۆ گەیاندنی گەنجان بە دەرفەتەکان و نزیکەی ٤٠ هەزار هەلی کاری تریش لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی دابین کراون.”

سەبارەت بە میکانیزمی پاراستنی کرێکاران، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: “هێڵی گەرمی (٥٥٠٠)بەردەوامە لە وەرگرتنی سکاڵاکان و لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەدان کێشە چارەسەرکراون. کرێکاران خاوەن مافن لە مۆڵەتی ساڵانە (٢٠ڕۆژ) و مۆڵەتی نەخۆشی کە تا ١٨٠ ڕۆژ درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی ئافرەتانی دووگیان و مەرجەکانی سەلامەتی.”

لە کۆتاییدا د. دیندار زێباری

دووپاتی کردەوە: “ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گونجاندنی یاساکانی کار لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاسایشی عێراق ڕزگارکردنی دوو ڕفێندراوی لە ئێران ڕاگەیاند

یاسین

سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێر

سەڵاح

لە شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە بەغدا تیشک خرایە سەر “گەنجینەی ئەدەبیاتی کوردی”

یاسین