مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یان یامبۆن، جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و برۆکسل کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ یان يامبۆن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامدا و دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لە بەشێکی پەیوەندییەکەدا، مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی بەلجیکا و وڵاتانی ئەوروپای کرد، بەتایبەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.
لای خۆیەوە، یان یامبۆن، جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.

