پاش سەرکەوتنی گرنگی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەرامبەر بە سوید، ڕۆناڵد کۆمانی ڕاهێنەری تیپەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو شێوازەی یاریکردن متمانەیەکی زۆر بە تیپەکەی دەبەخشێت، باسی لەو فشارە زۆرە کرد کە لەسەر تیپەکە هەبوو بەتایبەتی دوای یەکسانبوونەکەی یاری یەکەم، بەڵام ئێستا هەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەکەن و بە باشی خۆیان بینیوەتەوە.
کۆمان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا تەنها یەک یارییان ماوە و دەیانەوێت ئاستی بەرزیان لەسەر ئەوەی بەرامبەر سوید پێشکەشیان کرد بنیات بنێن، چونکە بە باوەڕی ئەو ئاستەی تیپەکەی باش بووە و ئێستا تیپەکانی دیکەش دەزانن کە هۆڵەندا تیپێکی مەترسیدارە.
سەبارەت بە ناسنامەی ڕکابەری داهاتوویان لە قۆناغی سی و دوودا کە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و مەغریبدا یەکلا دەبێتەوە، کۆمان جەختی لەوە کردەوە کە هیچ ترسێکی ڕاستەقینەی نییە و بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوەدا کە هەردوو تیپەکە ئاستێکی بەرزیان هەیە و پێی وانییە یەکێکیان لە ئەوی دیکە باشتر بێت، بۆیە لە ئێستادا گرنگ نییە کێ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا کۆمان دووپاتی کردەوە کە پێویستە سەرنجیان تەنها لەسەر خۆیان بێت و هەوڵبدەن قۆناغی کۆمەڵەکان لە پلەی یەکەمدا تەواو بکەن و دوای ئەوە بڕیار لەسەر قۆناغی داهاتوو و ڕکابەرەکانیان دەدەن.

