وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پێشخستنی تواناکانی لە جەنگی دیجیتاڵیدا ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئێنڤیدیا و مایکرۆسۆفت و ئەمەزۆن و گوگڵ واژۆ کرد بە مەبەستی جێگیرکردنی سیستەمە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد لە ناو هەستیارترین و نهێنیترین تۆڕە زانیارییەکانی سوپای وڵاتەکەیدا. ئەم پڕۆژەیە کە ئامانج لێی گۆڕینی سوپای ئەمریکایە بۆ هێزێکی پشتئەستوور بە ژیریی دەستکرد، کار ئاسانییەکی زۆر دەکات بۆ شی کردنەوەی خێرای داتا هەواڵگرییەکان و وەرگرتنی بڕیاری خێرا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکاندا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پێنتاگۆن ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە لەسەر ئاستی بەرزترین جۆری پاراستنی زانیارییەکان کار دەکات کە تایبەتن بە ئاسایشی نیشتمانی و کارە سیخوڕییەکان و لە ئێستاشدا زیاتر لە یەک ملیۆن کارمەندی وەزارەتەکە سوود لە پلاتفۆرمی تایبەتی ژیریی دەستکرد وەردەگرن کە بووەتە هۆی ئەوەی کارە ئاڵۆزەکانی پێشتر کە چەند مانگێکی دەخایاند ئێستا تەنها لە چەند ڕۆژێکدا تەواو بکرێن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای ئەنثرۆپیک لە پڕۆژەکە دوورخرایەوە چونکە ئامادە نەبوو مەرجەکانی پێنتاگۆن سەبارەت بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە چەکە خۆکارەکاندا جێبەجێ بکات.
ئەم پڕۆژە گەورەیە لە کاتێکدایە کە کێبڕکێیەکی توند لە نێوان ئەمریکا و چین لە بواری ژیریی دەستکرددا هەیە و واشنتۆن دەیەوێت بەم گرێبەستانە باڵادەستی خۆی لە جیهاندا بپارێزێت. سەرەڕای ئەوەی ئەم گرێبەستانە ناڕەزایەتی بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیای گوگڵی لێکەوتەوە کە دژی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکەیان بوون بۆ مهبەستی جەنگی، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان پێویستیان بە نوێترین داهێنانەکانی بواری ژیریی دەستکرد هەیە.

