لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لە بارەگای لقی هەولێری یەكێتی نووسەرانی كورد، رێوڕەسمێكی رێزلێنانی لەژێرە ناونیشانی “ئەمەك و شانازی” بۆ شاعیر سەباح رەنجدەر بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی، نووسەران، هونەرمەندان و رۆژنامەوانان بەڕێوەچوو و لەلایەن بەشی چالاكیی وێژەیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەژێر چاودێریی پارێزگاری هەولێر سازکرا.
لەو رێوڕەسمەدا، كۆمەڵێك وتار خوێنرانەوە و بیرەوەری باس كران، دواتر بەشێك لە ئامادەبوان چەپكەگوڵی رێز و وەفایان پێشكەش بە شاعیر كرد.
فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر قەڵغانی رێزلێنانی لەپای تەمەنێك خزمەت و بەخشین بە بواری شیعر و زمان، پێشكەش بە سەباح رەنجدەر كرد و هیوای تەمەنێكی پڕ بەرهەم و داهێنانی بۆ كرد.
