لە سەردەمی پێشکەوتنی خێرای ژیریی دەستکرددا، پرسیارێکی گەورە مێشکی زانایانی سەرقاڵ کردووە، ئایا بەکارهێنانی ئامرازەکانی وەک “چات جی پی تی” توانای بیرکردنەوەمان لاواز دەکات؟ پەیمانگای تەکنۆلۆجیای ماساچوسیتس (MIT) لە توێژینەوەیەکی نوێدا وەڵامێکی سەرنجڕاکێشی بۆ ئەم پرسیارە خستووەتەڕوو.
توێژەران تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر کۆمەڵێک کەس ئەنجامدا، و داوایان لێکردن وتار بنووسن بە سێ شێوازی جیاواز:
1. بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (ChatGPT).
2. گەڕانی ئاسایی لە ئینتەرنێت (وەک گووگڵ).
3. پشتبەستن تەنها بە توانای مێشکی خۆیان و بەبێ هیچ ئامرازێک.
لە کاتی نووسینەکەشدا، لە ڕێگەی ئامێری هێڵکاری مێشک (EEG)ـەوە بە وردی چاودێری شەپۆل و چالاکییە دەمارییەکانی مێشکیان کرا.
ئەنجامی پشکنینەکان دەریانخست، ئەو کەسانەی بەبێ هیچ یارمەتییەک پشتيان بە خۆیان بەستبوو، مێشکیان لەوپەڕی چالاکیدا بووە؛ بەتایبەتی لەو بەشانەی بەرپرسن لە زمان، بڕیاردان و یادگە. بەڵام ئەوانەی پشتيان بە “ChatGPT” بەستبوو، نەک تەنها چالاکی و پەیوەندییە دەمارییەکانی مێشکیان لە نزمترین ئاستدا بووە، بەڵکو تەنانەت دوای تەواوبوونیشی نەیانتوانیوە بە باشی ناوەڕۆکی ئەو بابەتەیان بیربمێنێت کە نووسیویانە. ئەوەش دەریدەخات کە ژیریی دەستکرد کارلێکی هۆشەکیی مرۆڤ لەگەڵ کارەکانیدا کەمدەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەنجامەکان جێگەی تێڕامانن، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن کە نابێت ئەم بابەتە بە شێوەیەکی نەرێنیی گەورە بکرێت. ئەو توێژینەوەیە لەسەر نموونەیەکی سنووردار کراوە و بەو مانایە نایەت کە ژیریی دەستکرد زیانی هەمیشەیی بە مێشک دەگەیەنێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەم ئامرازانە بە دروستی بەکاربهێنرێن، دەبنە هۆی خێراکردنی کارە ڕۆتینییەکان و کاتێکی زیاتر بۆ مرۆڤ دەهێڵنەوە بۆ بیرکردنەوەی ئاڵۆز و داهێنان.

