شارەزایەکی كەشناسی ئاشكرای دەكات، شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەشڵێت: “داوا لە هاووڵاتیان دەکەین دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن، ئەگەر چوونە دەرەوەش، ماسك ببەستن.”
سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری کەشناسی ڕایگەیاند: “لە ماوەی رۆژانی 17 تا 20ی ئایاری 2026، شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.”
باسی لەوەش کرد: “ئەم شەپۆلە ئەمڕۆ زیاتر باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە و بۆ سبەی دووشەممە 18ی ئایار، دەگاتە باشوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، کە جۆری خۆڵبارینەکە تۆزی بیابانی وردە کە لە بیابانەکانی عەرەبستان و سووریاوە هاتووە.”
سالار حاجی عەلی جەختی كردەوە: “شەپۆلەكە زیاتر سلێمانی و كەركووك و گەرمیان و هەولێر و هەڵەبجە دەگرێتەوە.”
ئەوەشی خستە ڕوو: ” خێرایی با لە کاتی شەپۆلەکەدا 25 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، ئاڕاستەی با لە باکووری ڕۆژئاوا لە باشورەوە دێت کە هۆکاری گواستنەوەی تۆزە بەرەو ناوچەکان.”
ئەو شارەزایەی كەشنانسی دەشڵێ: “پلەی گەرما لە ناوچە کاریگەرەکاندا لە نێوان 35 بۆ 38 پلەی سەدی دەبێت لە ناوەندی ڕۆژدا، لە ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووی 15 پلەوە بۆ نزیکەی 30 پلە دەبێت.”
هۆشداریشی دا لەوەی کە خۆڵبارینەکە کاریگەری زۆری لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دەبێت، بەتایبەت نەخۆشانی هەناسەدان و سییەکان، گوتیشی: “داوا لە هاووڵاتیان دەکەین دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن، ئەگەر کارێکی پێویستیان نەبێت نەچنە دەرەوە، كە چوونە دەرەوەش ماسك ببەستن هەروەک پێویستە شۆفێرانیش خێرایی کەم بکەنەوە و ئاگاداری کەمی بینایی بن.”

