باڵیۆزخانە و نێردەی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، هۆشدارییەکی نوێی توندی ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد و تێیدا جەخت لەسەر مەترسییەکانی بەردەوامبوونی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەولێر دەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە هەبوونی “جموجوڵی درۆنەکان لە ئاسمانی هەولێر” کراوە. ئەم هۆشدارییە دوای ئەو هێرشانە دێت کە لەرێگەی درۆنی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە لە 15ـی تەممووزدا کرانە سەر هەولێر.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لەوپەڕی هۆشیاری و وریاییدا بن، چاودێریی میدیا ناوخۆییەکان بکەن و پابەندی رێنماییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی بن. هاوکات هۆشداریش دەدات کە ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، پشێوی لە گەشتە ئاسمانییەکاندا دروست ببێت و ئاسمانی وڵات دابخرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەمریکا جارێکی دیکە بڕیاری هۆشداریی “ئاستی چوارەم”ی وەبیرهێناوەتەوە، کە تێیدا بە توندی داوا لە ئەمریکییەکان کراوە بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەویش بەهۆی مەترسییەکانی “تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری و پشێوی کۆمەڵایەتی”.
سەبارەت بەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی کە ئێستا لە عێراقن و دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن، ئامۆژگاری کراون پێش چوون بۆ فڕۆکەخانەکانی (هەولێر، سلێمانی، بەغدا و بەسرە)، لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانیان دڵنیابنەوە لەوەی گەشتەکانیان هەڵنەوەشێندراوەتەوە.
سەرەڕای دەرچوونی فەرمانی ناچاری بۆ بەشێک لە کارمەندانی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا، باڵیۆزخانەی بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایانگەیاندووە کە لە کارەکانیان بەردەوامن و لەرێگەی ئیمەیڵەوە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان دەکەن.

