ئەنتۆنی ئالبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەوڵ دەدات پرسی باجی گومرکیی نوێ لەگەڵ دۆناڵد ترامپ بخاتە بەرباس، دوای ئەوەی واشنتۆن باجی خستەسەر کەلوپەلی ٦٠ هاوبەشی بازرگانی.
ئەمریکا بە پاساوی ڕێگرینەکردن لەو کەلوپەلانەی بە “کاری زۆرەملێ” دروستکراون ئەم بڕیارەی داوە، بەڵام حکومەتی ئوسترالیا ئەم هەنگاوە بە ناڕەوا دەزانێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.
ئالبانیزی جەختی کردەوە کە لەسەر هەموو ئاستەکان ئەم بابەتە لەگەڵ ئەمریکا باسی دەکەن و گوتی ئوسترالیا یاسای زۆر توندی دژ بە کۆیلایەتیی هاوچەرخ هەیە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی دەسەڵاتدارێتی ترامپ، باجی ١٢.٥٪ دەسەپێندرێت بەسەر کاڵاکانی ئوسترالیا و ٣٧ وڵاتی تردا، لە کاتێکدا ئالبانیزی پێشتر لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ ترامپ جەختی لەسەر “بازرگانیی ئازاد و دادپەروەرانە” کردبووەوە.

