zagros news agency

ئیسرائیل هێرشێکی بەرفروان بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا ئەنجامدا

 

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ئاب، دەیان سەربازی ئیسرائیلی هێرشیان بردە سەر کەمپی قەلەندیا لە نێوەڕاستی کەناری ڕۆژاوا و ژمارەیەک هاووڵاتیی فەلەستینییان دەستبەسەر کرد.
هێزە ئیسرائیلییەکان لەم ئۆپراسیۆنەدا، سوودیان لە هێزی پاڵپشت و بولدۆزەری سەربازی وەرگرت. سەربازەکان لە گەڕەکە جیاوازەکانی کەمپەکەدا جێگیر بوون و پشکنینیان بۆ دەیان ماڵ ئەنجام دا. لە کاتی پشکنینەکاندا، ژمارەیەک لە دانیشتووانیان لە ماڵەکانیان وەدەر نا و چەندین نامەی هەڕەشەئامێزیان لە نێو خەڵکدا بڵاو کردەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەلەستین (وەفا) بڵاوی‌کردەوە هێزە ئیسرائیلییەکان گەنجێکی فەلەستینییان بە ناوی غەسسان خەتیب لە کاتی هێرشەکەدا دەستگیر کردووە. هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە دەوروبەری کەمپەکەدا گەنجێکی تری ژێرخانی، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی باری تەندروستیی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە. ئۆپراسیۆنی پشکنینی ماڵەکان و هێرشکردنە سەر گەڕەکەکانی کەمپی قەلەندیا تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بەردەوام بوو.
هاوکات هێزە ئیسرائیلییەکان هێرشیان بردە سەر شارۆچکەی “کەفر عەقەب” لە باکووری قودس و لە گەڕەکی “المطار” لە نزیک کەمپی قەلەندیا پشکنینیان بۆ چەندین ماڵ ئەنجام دا.
لە پارێزگای جەنین، هێزە ئیسرائیلییەکان چوونە نێو شارۆچکەی “سیلە حارسییە” لە ڕۆژاوای شارەکە و پشکنینیان بۆ ماڵێک کرد. ئەم هێزانە هەروەها مستەفا عەیدیان لە ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی برقین دەستبەسەر کرد. عودی ئەبو حەسەن و ئیبراهیم ئەبو حەسەنیش لە کاتی هێرش بۆ سەر گوندی عەربوونه‌ لە ڕۆژهەڵاتی جەنین دەستگیر کران. سێ گەنجی تریش لە شارۆچکەی کەفردان لە ڕۆژاوای جەنین لەلایەن هێزە ئیسرائیلییەکانەوە دەستبەسەر کران.
لە لایەکی ترەوە و لە شاری نابلس، هێزە ئیسرائیلییەکان جەعفەر مەجدی حەنەنییان لە گوندی “بیت فوریک” دەستگیر کرد. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، نیشتەجێیە ئیسرائیلییەکان لە نزیک دەروازەی شارۆچکەی عەقرەبا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی نابلس، ئاگریان لە دار زەیتوونەکان بەر دا.
هێزە ئیسرائیلییەکان لە کاتی هێرش بۆ سەر شارۆچکەی “بیت ئومەر” لە باکووری ئەلخەلیل، دوو گەنجی فەلەستینییان دەستگیر کرد و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا گرت. هەروەها بە یاوەریی چەند ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە ڕووخاندن، هێرشیان بردە سەر شارۆچکەی نەحالین لە ڕۆژاوای بەیتلەحم بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ڕووخاندنی خانووەکان بکەن.
لە پارێزگای ڕامەڵڵا و ئەلبیرە، نزیکەی ٢٠ فەلەستینی، لەوانە منداڵێکی ساوا و ژنێکی بەتەمەن، بەهۆی هەڵدانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ نێو ماڵێک لە گوندی بەرقا لە ڕۆژهەڵاتی ڕامەڵڵا، تووشی خنکان و تەنگەنەفەسی بوون.
کەناری ڕۆژاوا لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی کەرتی غەززە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، زیادبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی بەخۆیەوە بینیوە. هێزە ئیسرائیلییەکان چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر شار و کەمپەکانی کەناری ڕۆژاوا، بەتایبەتی جەنین، نابلس، طولکەرم و ناوچەکانی باکووری قودس و ژمارەیەکی زۆر فەلەستینییان دەستگیر کردووە. ئەم ئۆپراسیۆنانە لەگەڵ پێکدادان، داخستنی ڕێگەوبانەکان، ڕووخاندنی ماڵەکان و دەستبەسەرداگرتنی دارایی هاووڵاتییان بووە. هێرشی نیشتەجێیە ئیسرائیلییەکانیش لە هەندێک ناوچەی کەناری ڕۆژاوا زیادی کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكی هەرێمی كوردسان بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز

یاسین

دەستەی وەبەرھێنان: بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، جووتیاران و کۆمپانیاکان دەتوانن گەنم ھەناردەی دەرەوە بکەن

یاسین

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە لوتکەی جیھانیی ئازادیی ئایینی له‌ ژاپۆن کرد

سەڵاح