zagros news agency

دادگای دیمەشق بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ وەسیم ئەسەدی دەرکرد

دادگای تاوانی چوارەمی دیمەشق، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ئابی ٢٠٢٦ (٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥)، وەسیم ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریای بە تۆمەتی کوشتنی مەدەنییان، ئەشکەنجەدان و بەشداری لە تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیدا بە ئێعدام سزا دا. بڕیارەکە هێشتا کۆتایی نییە و بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەکانی سووریا بۆ پێداچوونەوە دەخرێتە بەردەم دادگای پێداچوونەوە (تەمییز).
دادوەر فەخرەدین مستەفا ئەلعەریان لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا گوتی، دادگا دوای پشکنینی بەڵگە، ڕاپۆرتی پزیشکی و گوێگرتن لە شایەتەکان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی وەسیم ئەسەد بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان هاوبەش لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ژمارەیەک مەدەنی لە غوتەی ڕۆژهەڵات و جەرەمانادا بەشدار بووە. بەپێی دادگا، هەندێک لەو تاوانانە بە هۆکاری مەزهەبی ئەنجام دراون.
دادگا تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست لەگەڵ بەکارهێنانی ئەشکەنجە و توندوتیژی، کوشتنی زیاتر لە یەک کەس، تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی»ی ئاراستەی وەسیم ئەسەد کرد. بڕیارەکە هەروەها پێوەندیی بە بەشداریی تۆمەتبار لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ناوچە مەدەنییەکانی غوتەی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، بە تایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی مەلیحە.
دادگاییکردنەکە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ (٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥) دەستی پێ کرد. بەپێی ئاژانسی سانا، دادگای تاوانی چوارەم لە ماوەی چەند هەفتەدا ٥ دانیشتنی بۆ پشکنینی دۆسیەکە بەڕێوە برد. نوێنەرانی ڕێکخراوە یاسایی و مرۆییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە بەشێک لە دانیشتنەکاندا ئامادە بوون، بەڵام هەندێ دانیشتن بۆ پاراستنی شایەتەکان بە داخراوی بەڕێوە چوون.
لایەنی داواکاریی گشتی لە سێیەم دانیشتنی دادگادا، لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ (٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٥)، داوای سزای ئێعدامی کرد. بەپێی کەناڵی ئەڵجەزیرە، داواکارییەکە لەسەر بنەمای شایەتی و بەڵگەی پێوەست بە کوشتنی بەئەنقەست، بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و زیانگەیاندن بە ئاسایشی گشتی پێشکەش کرا.
لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا، ڕاپۆرتێکی پزیشکی خرایە نێو پەڕاوەکەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە سکاڵاکاران بەهۆی تەقەکردنی تۆمەتبارەوە بریندار بووە، سەدی ٣٥ی توانای ئەندامی لەدەست داوە و بۆ ماوەی ١٠ مانگ توانای کارکردنی نەبووە. تیمی پارێزەران و وەسیم ئەسەد لە ماوەی دادگاییکردنەکەدا تۆمەتەکانیان ڕەت کردەوە و داوای «بەزەیی و دادپەروەری»یان لە دادگا کرد.
بەپێی لایەنی داواکاری، وەسیم ئەسەد لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ەوە ٢ گرووپی چەکداریی نایاسایی پێک هێناوە و چەک، تەقەمەنی، پارە و پشتیوانیی لۆجستیی بۆ دابین کردوون. ئەو گرووپانە بە فەرمانی غیاس دەلا، فەرماندەی یەکێک لە تیپەکانی فیرقەی چوارەمی سەر بە ماهیر ئەسەد، لە ئۆپەراسیۆنەکانی غوتەی ڕۆژهەڵاتدا بەشدار بوون.
وەسیم ئەسەد لە شاری قەرداحە لەدایک بووە و بەهۆی پێوەندیی خێزانی لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد، دەسەڵات و دەستڕۆیشتووییەکی زۆری هەبووە. ناوی ناوبراو هەروەها بە تۆڕەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخکردنی حەبی کاپتاگۆنەوە بەستراوەتەوە. ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا پێشتر بەهۆی گومان لە بەشداریی لە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و پشتیوانیی دارایی لە حکوومەتی پێشوودا، سزایان بەسەردا سەپاندبوو.
هێزەکانی ئاسایشی سووریا لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ (٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤) وەسیم ئەسەدیان دەستگیر کرد. دەستگیرکردنەکە بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنی بەدواداچوون بۆ ئەو بەرپرس و ئەندامە پێشووانەی حکوومەتی بەشار ئەسەد بە تاوانی جەنگی، ئەشکەنجە، کوشتنی مەدەنییان یان بازرگانیی ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار کراون.
بەرپرسانی نوێی سووریا ئەم جۆرە دادگاییکردنانە بە بەشێک لە پرۆسەی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە ناو دەبەن. بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە دەبێت دادگاکان مافی بەرگری، سەربەخۆییی دادوەر و ڕێوشوێنی دادگاییی دادپەروەرانە بپارێزن. بەپێی ئەو بنەمایانە، نابێت قورساییی تۆمەتەکان یان ناسنامەی تۆمەتبار ببێتە ڕێگر لە بەردەم دادگاییکردنێکی ڕوون و دادپەروەرانەدا.
سزای ئێعدام لە سووریادا پێویستی بە پشکنینەوە لە پلەی باڵاتری دادگادا هەیە. بۆیە بڕیارەکەی ١٨ی ئاب حوکمێکی سەرەتایییە و دادگای پێداچوونەوە دەتوانێت پەسەندی بکات، بیگۆڕێت یان دۆسیەکە بۆ پشکنینەوە بگەڕێنێتەوە. بڕیارەکە تا ئەو قۆناغە بە تەواوی کۆتایی نەیەت، جێبەجێ ناکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

قەیرانی ئاو لە ئێران: سێ بەنداوی گرنگ بەتەواوی وشک بوون و ١٢ی دیکە لە لێواری وشکبووندان

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

یاسین

ئەمڕۆ دۆلار لەم ئاستەدایە

یاسین