سەرۆکی ئەمریکا، دوناڵد ترامپ، دووبارە هەڕەشەکانی ئاراستەی ئێران کردەوە و جەختی کردەوە کە «ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێران بێزار بووە و نیازی ئەوەیە لێدانی توندی لێ بدات».
ترامپ، لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردنیدا لە شاری واسیلا، لە ویلایەتی ئەلاسکا، ئێوارەی سێشەممە ڕایگەیاند کە «شەڕ لەگەڵ ئێران بەزوویی کۆتایی دێت».
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە ترامپ و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەفتەی ڕابردوو لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی نوێ دژی ئێران گفتوگۆیان کردووە؛ ئەوەش پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» بڵاوی کردووەتەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە نەتانیاهۆ لە تەلەفۆنێکدا لەگەڵ ترامپ، نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی نیشانە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەربڕیوە؛ ئەو نیشانانەش ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران هەنگاوی نیگەرانکەر بۆ نوێکردنەوە و بنیاتنانەوەی بەرنامە ناوکییەکەی دەگرێتەبەر.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان ئاشکرای کردووە کە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، و فەرماندەیی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، لە دیارترین لایەنگرانی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانن.
بەڵام زۆربەی ڕاوێژکارانی ترامپ پشتیوانی لە بەردەوامبوون لە سەپاندنی سزای ئابووری و شێوازەکانی تری فشار دەکەن لە قۆناغی ئێستادا. ئەوان پێیان وایە توندکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان زیاتر ئەنجام دەدات، بۆیە باشترە فشارەکان بەردەوام بن لەبری ئەوەی بە پەلە بگەڕێنەوە سەر شەڕ.
کۆشکی سپی هەواڵەکە ڕەت دەکاتەوە
لە بەرامبەردا، بەرپرسێک لە کۆشکی سپی هەواڵی ئەوەی ڕەت کردەوە کە ترامپ و نەتانیاهۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی شەڕ گفتوگۆیان کردبێت. ئەو بڵاوکراوەوەیەی بە «ناڕاست» وەسف کرد و جەختی کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە پێش هەڵبژاردنی ناوەڕاستی ئەمریکا هێرش ناکاتە سەر ئێران.
پێشتر، ترامپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنگرانی حیزبی کۆماری لە ویلایەتی ئۆهایۆ، ڕایگەیاندبوو: «ئێستا ئێران هیچ سەرکردەیەکی نییە؛ ئەمە کێشەیەکە. لەوانەیە نابوو ئەوەندە لەگەڵ سەرکردەکانیان توند بڕۆین، چونکە نازانین لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەین».

