ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای فێرکاریی زمان و ئەدەبیاتی پێکهاتەکانی ئێران ڕەت کردەوە

زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی ئێران دەنگیان دژی پڕۆژەیاسایەک دا ڕێگەی بە فێرکردنی زمان و ئەدەبیاتی پێکهاتەکانی ئێران لە قوتابخانان دەدا. ئەم پڕۆژە یاسایە لە لایەن کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوەی پەرلەمانەوە ئامادە کرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە پەروەردەی زمان و ئەدەبیاتی پێکهاتەکانی ئێران لە قوتابخانەکانی خستە دەنگدانەوە، بەڵام زۆرینەی ئەندامان دەنگیان دژی دا.
پڕۆژەیاساکە بە ناوی “پلانی گشتگیری زمانە ناوچەیی و قەومییەکان” ڕادەستی پەرلەمان کرابوو. عەلیڕەزا مونادی سفیدان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوە ڕایگەیاند، ئامانج لە پڕۆژەکە پاراستنی میراتی کەلتووریی ئێرانییەکان و پاراستنی زمانەکانی تورکی، زابولی، گیلەکی، مازەنی، کوردی، عەرەبی و بەلووچی لە لەنێوچوونە.
پڕۆژەیاساکە بە 130 دەنگی دژ لە بەرانبەر 104 دەنگی لایەنگر و 5 دەنگی بێلایەن ڕەت کرایەوە.
کازم دڵخۆش، نوێنەری حکوومەت لە پەرلەمان و یەکێک لە نەیارانی پڕۆژەیاساکە ڕایگەیاند ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری کە دامەزراوەیەکی جێ متمانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، دژی پڕۆژەیاساکەیە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش ئاماژەی بەمە کرد کە پڕۆژەیاساکە کێشەی دەستووریی هەیە، بەتایبەتی بەشێک کە حکوومەت ناچار دەکات بە فێرکردنی ئەدەبیاتی ئەو زمانانە، و داوای لە کۆمیسیۆن کرد جارێکی دیکە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کەلتووری تاوتوێی بکەنەوە.
بە گوێرەی ماددەی پازدەی دەستووری ئێران، زمانی فەرمی زمانی فارسییە، بەڵام بەکارهێنانی زمانە ناوچەییەکان لە ڕاگەیاندن و پەروەردەی زمان و ئەدەبیاتی ئەو زمانانە لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فارسی ڕێگە پێ دراوە. بەڵام نەیارانی پەروەردەی زمانی نەتەوەکان دەڵێن کە دەستوور تەنیا ڕێگەی بەم کارە داوە و نەیخستووەتە ئەستۆی حکوومەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ و ڤیدیۆى باره‌گا و سه‌نگه‌ره‌كانى قه‌ده‌غه‌كرد

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسولی گشتیی نوێی ئەمەریکا دەکات

سەڵاح

وەزیری نێوخۆی تورکیا: پەنابەرانی سووریایی بێ‌ناو چوونەتە ئەورووپا

یاسین