ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمریکا “کۆمەڵکوژی” کەمایەتییەکان لە سوریا شەرمەزار دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، کردەوەی تیرۆریستیی توندڕەوەانی ئیسلامیی و جیهادییان و بیانییانی تێوەگلاو لە کوشتنی هاوڵاتیان لە ڕۆژئاوای سووریای شەرمەزار کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ئادار، جەختی لەسەر هاوپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی سووریا لەوانە کۆمەڵگەی مەسیحی، دروزی، عەلەوی و کورد کردەوە و هاوخەمیی خۆی لەگەڵ قوربانیان و خێزانەکانیان دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: “بەرپرسانی حکومەتی کاتی سووریا دەبێت ئەو تاوانبارانەی لەم کۆمەڵکوژییانەوە گلاون دژ بە کۆمەڵگەکانی کەمایەتی سووریایی بەرپرسیار بکەن.”
بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سووریا، زیاتر لە هەزار کەس لە پێکدادانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەنارەکانی دەریای نێوەڕاست لەم وڵاتە کوژراون.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی پێکدادانە کوشندەکان لە نێوان هێزەکانی لایەنگری حکومەتی ئیسلامگەرای سووریا و عەلەوییەکانی نیشتەجێی ناوچە کەناراوییەکان، ئەحمەد شەرەع، سەرۆک کۆماری کاتی سووریا، داوای پاراستنی “یەکێتی‌ی نیشتمانی و ئاشتی نێوخۆیی” کرد.
سەرچاوە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا ئیدیعایان کردووە لانیکەم دووسەد کەس لە هێزەکانی لایەنگری ئەحمەد شەرەع لە ماوەی پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا، کوژراون.
ناردنی هەزاران کەس لە هێزەکانی لایەنگری حکومەتی ئێستای سووریا بۆ ناوچە کەناراوییەکانی ئەم وڵاتە، یەکێک لە خوێناویترین پێکدادانە تائیفییەکانی ١٣ ساڵی ڕابردووی ئەم وڵاتەی تۆمار کردووە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەم دواییانەدا ڕەخنەی لە سەرکوتکردنی خوێناوی عەلەوییەکانی سووریا لەلایەن هێزەکانی لایەنگری ئەحمەد ئەلشەرع گرت.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەحمەد ئەلشەرعی وەک “تیرۆریستێکی جیهادی سەر بە قوتابخانەی ئەلقاعیدە” وەسف کرد و گوتی “تاوان دژ بە خەڵکی مەدەنی” دەکات.
کاتس جەختی لەسەر پارێزگاری سوپای ئیسرائیل لە دانیشتووانی دروزی نیشتەجێی سووریاش کردووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریكا… دەست بە دەركردنی كۆچبەران كرا

سەڵاح

هەرێمی کوردستان و هەرێمی مۆرسیای ئیسپانیا پەرە بە پەیوەندییە گەشتیارییەکان دەدەن

سەڵاح

رێکخراوەكان: ئێران، عێراق و سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی کەمیی ئاو دەبنەوە

سەڵاح