زیاتر لە ١٠٠ زانکۆی ئەمریکا دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ترامپی زانکۆکان دەنگیان دەربڕی
ZNA – هەولێر
زیاتر لە ١٠٠ زانکۆ، کۆلێج و رێکخراوی زانستی لە ئەمریکا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژوو کردووە و تێیدا سیاسەتەکانی حکومەتی دۆناڵد ترامپی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بواری خوێندنی باڵا بە توندی سەرکۆنە دەکەن.
لە پشت ئەم هەڵمەتە، دامەزراوە بەناوبانگەکانی وەک زانکۆی پرینستۆن و کۆلێجی ئایالەتی کۆنێکتکەت هەن.
لە بەیاننامەکەدا، حکومەتی ترامپ بە “دەستدرێژی بێپێشینە و دەست تێوەردانی سیاسی” لە کاروباری زانکۆکان تۆمەتبار کراوە و بە وتەی ئەم دامەزراوانە، “خوێندنی باڵای ئەمریکای خستووەتە ژێر مەترسی”.
ئەم زانکۆیانە جەخت لەوە دەکەنەوە ئامادەن چاکسازییەکانی پێویست بکەن و چاودێرییەکی شەرعی حکومەتیش قبووڵ دەکەن، بەڵام دەڵێن دەرەنجامەکانی “دەست تێوەردانی نەشیاوی حکومەت” قبووڵ ناکەن و دژ بەوەش هەڵوێستەیەکی توند دەگرن. نووسەرانی بەیاننامەکە هۆشدارییان داوە “لە کۆتاییدا، قوتابییەکانن باجی سنووردارکردنی ئازادییەکان دەدەن.”
کریستۆفەر ئایزگروبەر، سەرۆکی زانکۆی پرینستۆن، دوو هەفتە پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز گوتبووی پێویستە “ئازادی زانکۆکان” بپارێزرێت. ئەو هۆشداریی دابوو بەکارهێنانی بودجەی حکومەت وەک ئامرازێک بۆ زەختکردن و سەپاندنی دەسەڵات لەسەر زانکۆکان، مەترسییەکی گەورەیە.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

