ڕافائیل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕایگەیاندووە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، تاکە دەرفەتی بەردەستە بۆ چارەسەری دیپلۆماسیی ئەم کێشەیە.
گڕۆسی جەختی کردووەتەوە، ئەگەر ئەم پرسە بە شێوەی دیپلۆماسی چارە نەکرێت، مەترسی قەیرانێکی گەورەتر، وەک تێکهەڵچوونی سەربازیی لێ دەکەوێتەوە و پێویستە هەمووان پێشگیری لێ بکەن.
بە گوتەی گڕۆسی، ئێران بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی جددی لەگەڵ ئەمریکا دانوستان دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەم گفتوگۆیانە بەدەست نەهاتووە. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە ئەم دانوستانە باشترین دەرفەتی بەردەستن، بەڵام پێویستە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەردەوام بن.
ئەم گوتانە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا سێ گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوە چووە، و بڕیارە رۆژی شەممە، ٣ی ئاداری ٢٠٢٥، گەڕی چوارەم لە عوممان بەڕێوە بچێت. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دانوستانەکان بە “ڕژد و چڕ” وەسف کردووە و وتوویەتی پێشکەوتنێکیان بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا ناکۆکییە بنەڕەتییەکان بەردەوامن.
لە لایەکی دیکە، کەناڵی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی ئیسرائیلی پێیان وایە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن زیاد کردووە. بەڵام رۆژنامەی نیویۆرکپۆستی ئەمریکا، کە لایەنگری دۆناڵد ترەمپە، بە توندی رەخنەی لە پرۆسەی دانوستان و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرتووە و وەک کەسێکی بێئەزموون و ژێر کاریگەری ئێران و رووسیا وەسفی کردووە. سەرەڕای ئەمە، بەرپرسانی ئیسرائیلی هەوڵەکانی ویتکۆف پەسەند دەکەن، بەڵام پێیان وایە بەهۆی کەمئەزموونیی دیپلۆماسی، ناتوانێت بە تەواوی مەبەستەکانی کاراکتەرە سیاسییەکانی ناوچەکە تێبگات.

