zagros news agency

ڕوبیو: بژاردەیەک جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا زۆر خراپتر دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گوتەکانی لە کۆنگرێسدا جەختی کردەوە هەر ڕادەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئێران دەباتە بەردەرگای دروستکردنی چەکی ناوکی.
مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، جارێکی دیکە جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت هیچ ئاستێکی پیتاندنی هەبێت و دانوستانەکانی واشنتۆن لەگەڵ تاران تەواو لەسەر بەرنامەی ناوکی ئێران و تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆم چڕ بووەتەوە.
ڕوبیو ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ئایار، لە یەکەم ئامادەبوونی لە سینات دوای ئەوەی بووەتە وەزیری دەرەوە، هیوای خواست دانوستانەکان لەگەڵ تاران بەردەوام بێت و بە ڕێککەوتنێک کۆتایی بێت، چونکە “جێگرەوەکەی زۆر خراپتر دەبێت.”
ڕوبیو گوتی: کۆماری ئیسلامی لەژێر هیچ ڕێککەوتنێکدا ناتوانێت هیچ ئاستێکی پیتاندن هەبێت، چونکە ئەم کارە بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر ڕێگایەک بۆ ئێران بەرەو پیتاندن بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی فەراهەم دەکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پیتاندنی یۆرانیۆمی وەک “هێڵی سووری سەرەکی” خۆی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا پێناسە کردووە و عەلی خامنەیی لە وتارەکەی لە ڕۆژی سێشەممەدا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی تاران بۆ پیتاندن لە کەس “مۆڵەت” وەرناگرێت، گوتبووی: «ئەم قسەیەی ئەمریکاییەکان کە دەڵێن مۆڵەتی پیتاندن بە ئێران نادەین، هەڵەیەکی زۆرە.»
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سینات گوتی: «ئەوان [ئێران] بانگەشە دەکەن کە پیتاندن مەسەلەی شانازی نەتەوەییە. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە ئێران پیتاندنی وەک هۆکارێکی بەرگریکەر دەوێت چونکە بڕوای وایە ئەم کارە ئەوان دەکاتە هێزێکی لە بەردەرگای ناوکی و بە ئەنجام، پارێزراو دەبن.»
ڕوبیو گوتی: پشتیوانیی ئێران لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا بەشێک لە دانوستانەکانی ئێستا لە نێوان تاران و ستیڤ ویتکاف، نوێنەری ترامپ نەبووە. ئەو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە هەر جۆرە سزایەکی پەیوەست بە چالاکییە تیرۆریستییەکان و بڵاوبوونەوەی چەک تا ئەو کاتەی ئەم پرسانە بەشێک لە ڕێککەوتنی ناوکی نەبن، بەردەوام دەبن.
ڕوبیو لە وتەکانی لە سیناتدا گوتی کە سزاکان دژی ئێران تا گەیشتن بە ڕێککەوتن هەروا بەردەوام دەبن و هاوبەشە ئەوروپاییەکانیش بە شێوەیەکی جیاواز لەسەر چالاککردنی میکانیزمی ماشە دژی کۆماری ئیسلامی خەریکی کارکردنن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ تاران بە “ئاسان” نەزانیوە، بەڵام جەختی کردەوە ئەم کارە “لەپێشینەیەی” دەوڵەتی ترامپە. ڕوبیو جارێکی دیکە دەریبڕی ئێران دەتوانێت وزەی ناوکی بۆ بەکارهێنانی ناسەربازی هەبێت، ئەویش تەنیا لە حاڵەتێکدا کەرەستەی ناوکی لە شوێنێکی دیکەوە هاوردە بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نیویۆرک تایمز: لە بەغدا نووسینگەکانی حەماس و حوسییەکان بەنهێنی کراوەتەوە

یاسین

كێشەیەكی گەورە لەنێو گرووپەكانی حەشدی شەعبی سەرهەڵدەدات

سەڵاح

ئێران… ژمارەیەکی زۆر بە هۆی نەخۆشیی تالیسمیاوە مردوون

سەڵاح