zagros news agency

ترەمپ: پۆتین شێت بووە

دوای هێرشە بەرفراوانەکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردووی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی ڕەخنەی لە ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا گرت و بە “شێت” ناوی برد. ترەمپ لە پلاتفۆرمی سۆشیاڵ تروث، جگە لە پۆتین، ڕەخنەی لە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکایش گرت.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، ڕووسیا بە چڕی و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشی کردە سەر کیێڤی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئۆکرانیا. ئەم هێرشانە زیانی گیانی و ماددیی زۆریان لێکەوتەوە و کاردانەوەی نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی لە یاریگای گۆڵفەکەی لە نیوجێرسی و پێش سواربوونی فڕۆکەی “ئێرفۆرس وەن”، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “من هەرگیز لە کارەکانی پۆتین دڵخۆش نیم. ئەو خەڵکێکی زۆر دەکوژێت. نازانم چی بەسەر پۆتیندا هاتووە، ماوەیەکی زۆرە چیتر ئەو ناناسمەوە. من هەمیشە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵیدا هەبووە، بەڵام ئێستا مووشەک دەنێرێتە سەر شارەکان و خەڵک دەکوژێت.”
سەرۆکی ئەمریکا دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، لە پلاتفۆرمی سۆشیاڵ تروت نووسی: “پۆتین بە تەواوی شێت بووە. مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەبێ هیچ هۆکارێک ئاراستەی شارەکانی ئۆکرانیا دەکرێن.”
ترەمپ لە درێژەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە پۆتین هەمیشە گوتوویەتی هەموو ئۆکرانیای دەوێت، نەک تەنیا بەشێکی. هەروەها زیادی کردووە: “ڕەنگە ڕاست بکات، بەڵام کارەکانی دەبنە هۆی ڕووخانی ڕووسیا.”
بەڵام ڕەخنەکانی ترەمپ تەنیا ئاراستەی پۆتین نەبوون. ئەو لە پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاییشی خستە بەر ڕەخنە. ترەمپ نووسیویەتی قسە و کردەوەکانی زێلێنسکی هیچ یارمەتییەکی وڵاتەکەی نادەن: “هەر شتێک لە دەمی ئەو [زێلێنسکی] دێتە دەرەوە، کێشە دروست دەکات و من لەمە دڵخۆش نیم و پێویستە واز لەم کارە بهێنێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت: کاردەکەین بۆ ئەوەی کێشەی ئاو و کارەبا لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت

سەڵاح

لە ماوەی 72 کاتژمێردا 15 هاووڵاتیی سڤیل لە سووریا کوژران

یاسین

دڵشاد جه‌لال كامیل بۆ زاگرۆس: وێرای ئاڵنگاریه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان دواجار مه‌سروور بارزانی سه‌ركه‌وت

یاسین