ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاند، مووساد، دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی دەرەکیی ئیسرائیل، توانیویەتی لە ماوەی چەند مانگدا پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ماددەی تەقەمەنی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بگوازێتەوە بۆ ناو ئێران.
لە ڕاپۆرتەکەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە پارچەکانی کوادکۆپتەر، کەرەستەی تێکدەری و پێداویستیی دیکە لە ڕێگەی جانتا و بارهەڵگر و کۆنتەینەری گواستنەوەوە براونەتە ناو ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کە هێشتا لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، مووساد پارچەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە ڕێگەی کەناڵە بازرگانییەکان و کەسانێکەوە خزاندووەتە ناو ئێران کە بە “هاوبەشی بازرگانیی بێئاگا” ناویان دەبات. دواتر کارمەندانی مەیدانیی دەزگاکە ئەو پارچانەیان وەرگرتووە و بەسەر ئەو تیمانەدا دابەشیان کردووە کە بەشدارییان لە دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردووە.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی زیاد کردووە، مووساد سەرپەرشتیاری تیمەکانی لە وڵاتانی سێیەم ڕاهێناوە و دواتر ئەوانیش تیمە مەیدانییەکانیان فێر کردووە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەروەها نووسیویەتی، ئیسرائیل لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی هێرشەکەیدا لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ئەو تیمانەی بەکارهێناوە بۆ هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوەیی لە نزیک سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران یان مووشەکهاوێژەکان. بەم شێوەیە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ئامانجانە و ژمارەیەک سیستمی بەرگرییان لەکار خستووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو تیمانە “تاکوو درەنگانی ڕۆژی هەینی هێشتا لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەدا کاریان کردووە”.
هەواڵی داهاتوو

