سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران گومانی خۆی لە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەستی ڕاگەیەندراو دەربڕی و هۆشداریدا لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی دەستدرێژی.
عەبدولڕەحیم مەوسەوی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە، گوتی: “ئەمریکا و ئیسرائیل نیشانیان داوە پابەندی هیچ یاسا و پێوەرێکی نێودەوڵەتی نین. لەبەرئەوەی بە تەواوی گومانمان لە پابەندبوونی دوژمن بە بەڵێنەکانی، لەوانەش ئاگربەست هەیە، ئامادەین وەڵامێکی توندی بدەینەوە ئەگەر دەستدرێژی دووبارە بکاتەوە.”
هاوکات، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیاش لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە نووسیویەتی: “ئەمریکا و ئیسرائیل پابەندی یاسا و ڕەوشت و بنەما نێودەوڵەتییەکان نین و وەک لە ڕابردووی ڕەشیان لە ناوچەکەدا دیارە، ناتوانرێت متمانە بە هیچ بەڵێن و پەیمانێکیان بکرێت.”
پێشتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گومانێکی هاوشێوەی دەربڕیبوو و گوتبووی: “بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی ئەم ڕژێمە، گومانی جددی هەیە. ئەوان مێژوویەکی درێژیان لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکان هەیە. ئاگربەست ڕادەگەیەنن، بەڵام وا گومان دەبەن لایەنی بەرانبەر لاوازە و دواتر خۆیان پێشێلی دەکەن.”

