zagros news agency

ئاژانسێکی ئێرانی: پزیشکیان لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بریندار بووە

 

ئاژانسێکی هەواڵیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، لە چوارەم ڕۆژی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە سووکی بریندار بووە.
سێ هەفتە بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل تێپەڕیوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زانیاریی نوێ لەبارەی جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوانیان ئاشکرا دەبێت. بەپێی ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسداران، لە چوارەم ڕۆژی جەنگەکەدا، شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کراوەتە ئامانج. لە کاتی هێرشەکەدا، هەریەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنەکە لە ژێرزەمینێکی بینایەک لە ڕۆژئاوای تاران لە کۆبوونەوەدا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی فارس نیوز، هێرشکاران بە شەش بۆمب یان مووشەک، دەروازە و ڕێڕەوەکانی هاتووچۆی بیناکەیان کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەرچوون و ڕزگاربوونی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بکەن. ئامانج لێی ئەوە بووە بە داخستنی ڕێڕەوی هەوا، هەموویان لەناو ژێرزەمینەکەدا بخنکێنن. ئەمە هەمان ئەو شێوازەیە سوپای ئیسرائیل لە کاتی هێرشکردنە سەر شوێنی کۆبوونەوەی حەسەن نەسروڵڵا بەکاری هێنا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی.
فارس نیوز هەروەها ڕایگەیاندووە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لە ڕێگەی کەناڵێکی بچووکی تایبەتەوە توانیویانە خۆیان بگەیەننە دەرەوەی بیناکە. لە کاتی دەرچوونیشدا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، قاچی بریندار بووە.
هەفتەیەک پێش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، مەسعوود پزیشکیان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی گوتبووی: “لە کۆبوونەوەیەکدا خەریکی گفتوگۆ بووین، بەڵام ئیسرائیل شوێنەکەی بۆردومان کرد.” بە گوتەی پزیشکیان، ئیسرائیل لە ڕێگەی سیخوڕەکانییەوە زانیاریی لەسەر شوێنی کۆبوونەوەکە هەبووە.
پێشتریش موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتبووی ئیسرائیل شەش جار شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی بۆردومان کردووە بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە و سەرانی هەر سێ دەسەڵاتە باڵاکەی ئێران لەناو ببات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هیندستان لە عێراق دەکات

یاسین

دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و بریتانیا دەڵێن جیهان لە ژێر هەڕەشەی جۆراوجۆر دایە

سەڵاح

بە 100 ملیۆن دۆلار بەشی نوێی “Rush Hour” بەرهەم دێت

ART