zagros news agency

سەرۆکی پێشووی مۆساد: ئامانجی شەڕی ئێران دەبوو دانوستان بێت، نەک بنبەست

 

یەکێک لە سەرۆکەکانی پێشووی مۆساد ڕایگەیاند، ئامانجی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتن بە دانوستان بوو، بەڵام هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە. ناوبراو گوتی چارەسەری پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران “سیاسییە نەک سەربازی، تەنانەت سەرەڕای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی سەربازیش، بەبێ پلاندانان بۆ قۆناغی دوای شەڕ، سەرکەوتن دەکرێت ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت.”
تەمیر پاردۆ، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی ئاب، لە گوتارێکدا لە زانکۆی تەلئەبیب، ڕەخنەی لە کارکردنی حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ گرت لە بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و گوتی، بڕیاری پەرەپێدان یان ڕاگرتنی چەکی ئەتۆمی لە بنەڕەتدا بڕیارێکی سیاسییە و تەنها بە ڕێکاری سەربازی بەدەست نایەت.
پاردۆ هۆشداریی دا، لە نەبوونی جووڵەیەکی سیاسیی هاوتەریبدا، هەر دەستکەوتێک لە مەیدانی جەنگدا، هەرچەندە گەورەش بێت، ڕەنگە ئەنجامی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە و ببێتە “خاڵێکی لاوازیی ستراتیژی.”
ئەو گوتی ئیسرائیل بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیدارەی ئەوکاتی باراک ئۆباما، زیانی لە توانای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ ئێران دا. هەروەها لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەم دواییەشدا، دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بۆ دانوستان لەدەست دا.
تەمیر پاردۆ گوتیشی: “ئامانجی هەموو هەوڵەکانی ساڵانی ڕابردوو، ڕێگریکردن بوو لە گەیشتن بە قۆناغی ململانێی سەربازی، چونکە شەڕ دوایین قۆناغی هەوڵەکانە و کاتێک چوویتە ناویەوە، نازانیت چۆن لێی دێیتە دەرەوە.” ئەو ڕەخنەی لە شێوازی بڕیاردانی ئەمنی-سیاسی لە کابینەی ئێستای ئیسرائیل و شێوازی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و “نەبوونی پلان بۆ ڕۆژی دوای شەڕ” گرت، چ لەبارەی ئێرانەوە و چ لەبارەی غەززەوە.
بە گوتەی پاردۆ، ئەو ڕاستییەی کە دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ لەگەڵ ئێران، هێشتا هیچ دانوستانێک دەستی پێنەکردووە، “جێی سەرسوڕمانە.” ئەو پێی وایە ئیسرائیل و ئەمریکا ئەرکیان بوو لە کاتی شەڕدا کۆماری ئیسلامی بهێننە سەر مێزی دانوستان.
تەمیر پاردۆ لە ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٦ سەرۆکی مۆساد بووە و وەک یەکێک لە ڕەخنەگرە دیارەکانی حکوومەتە ڕاستڕەوەکەی بنیامین ناتانیاهۆ ناسراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە کەربەلا دەست بەسەر بڕێکی زۆری پارەی ساختە دا گیرا

سەڵاح

پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٦ی عێراق دوادەكەوێت

سەڵاح

ئه‌مریكا.. چه‌كدارێك به‌ ده‌ستڕێژی گولـله‌ پێنج كه‌سی كوشت

یاسین