هاوردەکردنی بەرهەمە تورکیایی و بیانییەکان بۆ سووریا، کە زۆرینەی کاڵاکان لەخۆ دەگرێت، کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی لەسەر بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە دروست کردووە.
بەپێی گوتەی دوکاندار و بازرگانە سووریایییەکان، فرۆشتنی کاڵا تورکیایییەکان بە نرخێکی هەرزان لە بازاڕەکاندا، وای کردووە بازاڕی بەرهەمی ناوخۆیی لاواز ببێت و خواست لەسەری کەم بێتەوە، چونکە زۆرینەی خەڵکی سووریا داهاتیان کەمە و توانای کڕینی کەلوپەلی گرانبەهایان نییە. بازرگانێک بە ناوی یوسف سلێمان دەڵێت: “کاڵا تورکیایییەکان لە سەرەتادا کاریگەرییەکی زۆریان دروست کرد و جیاوازییەکی گەورەیان لە نرخەکاندا هێنایە ئاراوە.”
بەرهەمە هاوردەکراوەکان کەلوپەلی ناوماڵ، کەرەستەی بیناسازی، جلوبەرگ و خۆراک لەخۆ دەگرن و بەهۆی هەرزانییانەوە خواستێکی زۆریان لەسەرە. سامر یوسف، بازرگانێکی دیکە، دەڵێت: “بەڕاستی کاڵا تورکیایییەکان بازاڕیان پڕ کردووە. هاووڵاتییان بەدوای کاڵای هەرزاندا دەگەڕێن و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی داناوە.”
هاوردەکردنی بێپلانی کاڵا بۆ بازاڕەکانی سووریا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و زیانێکی زۆری بە بازاڕ و بازرگانانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

